مەزهەری خالقی گەیشتەوە سنە

ئەمڕۆ دوای 40 ساڵ هونەرمەندی گەورەی کورد، مەزهەری خالقی بۆ یەکەمجار گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەمێک لەمەوبەر گەیشتە سنە.

ئەمڕۆ دوشەممە مەزهەری خالقی، هونەرمەندی دیاری كورد گەڕایەوە شاری سنە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ناودارانی کورد کە لە شاری سنە ڕێکخراوە.

گەڕانەوەی مەزهەری خالقی بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بۆ زێدی خۆی بۆ شاری سنە دوای 40 ساڵ دوری و دەربەدەری دێت.

هاوکات نوسەر و رۆماننوسی بەناوبانگی کورد بەختیار عەلی، بۆ بەرشداریکردن لە کۆنفرانسەکە بانگهێشتکراوە و بەشداردەبێت، هەرچەندە بەتەواوی چونی ناوبراو بۆ شاری سنە پشتراست نەکراوەتەوە، بەڵام لە ئەگەری ئامادەبونیدا خەڵاتێکی رێزلێنانی پێشکەش دەکرێت.

کۆنگرەی ناودارانی کورد لە شاری سنە، ناوەندی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە 2 و 3ـی تەمموزی 2019 دەبەسترێت و تێیدا 30 کەسایەتی ناوداری کورد رێزیان لێ دەنرێت.

مەزهەری خالقی ساڵی 1939 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، لە زانكۆی تاران بەشی فیزیای تەواو كردووە و دواتر چووەتە رێكخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی حكومەتی ئێران، بۆ ماوەیەكیش بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگ و رەنگی سنە و كرماشان بووە.

دوای شۆڕشی ئێران لەساڵی 1979 و هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامی ئێران، خالقی نیشتمانیی دایكی جێهێشتووە و بۆ ماوەیەك لە هەندەران ژیاوە و دواتریش گەڕاوەتەوە باشووری كوردستان.


PM:06:42:01/07/2019