كاڵن نیگەرانە لە بڵاوبوونەوەی وتارەكەی جەمیل بایك لە واشنتن پۆست

لەسەر بڵاوبوونەوەی وتارێكی جەمیل بایك لە واشنتن پۆست حكومەتی توركیا ناڕەزایی دەردەبڕێت و وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیاش دەڵێت "ئەمە شایەنی قبووڵ نییە".

جەمیل بایك لە وتارەكەیدا باس لە چارەسەركردنی كێشەی كورد دەكات بە ڕێگەی ئاشتیانە، هەروەها ڕەخنە لە پەكەكە دەگرێت كە بۆ پرسی چارەسەری لە توركیا تەنیا پشتی بە ئاكەپە بەست، لە كاتێكدا دەبوا هەموو هێزە دیموكراتەكانی بخستایەتە ناو ئەو پرسەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی وتارەكەی بایك لەو ڕۆژنامە ئەمریكیە،ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا رەخنەی توند لە ئەمریكا دەگرێت و دەڵێت ئەمە پێشێلكردنی یاسای ئەمریكایە، چونكە پروپاگەندە بۆ "تیرۆر" دەكەن.

رەنگە بۆچوون و وەڵامدانەوەی كاڵن ئەوەندە بە بایەخ و گرنگ نەبێت، چونكە ئەوەی دەبێت بۆ ئەو بابەتە گرنگە وەڵامی ئەمریكا بداتەوە، خودی رەجەب تەییب ئەردۆغانە، چاوەڕوانیش دەكرێت ئەردۆغان لە ماوەیەكی نزیكدا وەڵام بداتەوە.

كاڵن پەكەكە وەكو هێزێكی "تیرۆرست" ناودەبات و دەڵێت "بڵاوكردنەوەی ئەو وتارەش لە رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەمریكی، پروپاگەندەیە بۆ تیرۆر، چونكە پەكەكە لە لیستی تیرۆری ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا دایە".

كاڵن دەشڵێت "ئەمە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەوەی تۆ وتاری بەرپرسێكی باڵای قاعیدە، یان داعش لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوبكەیتەوە، هەروەها بڵاوكردنەوەی وتاری بایك لەو رۆژنامەیە بەو مانایە دێت كە ئەوان نوێنەری كورد بن، بۆیە ئەمە سووكایەتییە بە كوردیش".

 




PM:12:42:04/07/2019