جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدهگهیهنێت، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی زۆرباش و سەرکەوتوو بوو و دوا وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکانیش ئاشکرادەکات.
جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان به میدیای فەرمی حزبەکەی رایگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان یەکێک بوو لە کۆبوونەوە زۆرباش و سەرکەوتووەکان و تيایدا بڕیاردرا تا 7ی مانگ ناوی هەموو کاندیدەکان بنێردرێن بۆ شوێنی پێویست.
ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت "پێشتر کۆمەڵێک ڕێوشوێنمان گرتبووهبهرو، لیژنە دروستکرا بە هەوڵ و کۆششی هەموو لایەک شتێک گەڵاڵە کرا، لە خیلالی یەک دوو رۆژی داهاتوودا هەموو ئەو کارانەی پێویست بن بۆ دیاریکردنی کاندیدەکان دهگرینهبهرو پاشان دەنێردرێن بۆ هەولێر، هەموو رێو شوێنێكیشمان گرتووهتەبهر، بۆ زەمانەتکردنی جێبەجێکردنی رێککەتنەکە".
وتیشی "كه پرۆژەی ئەساسی یان ئامانجی ئەساسی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چوونە ناو حکومەت جێبەجێ کردنی پرۆژەی چاکسازییە، چاکسازیی هەمەلایەنەی سیاسی، یاسایی، ئابوری، دارایی، کارگێڕی، ئەمنی، سەربازی، وەک پێشتر باسمان کرد، پرسی چاکسازیی کارێكی ئاسان نیەو بەرنامەی وردی دەوێت و هەماهەنگی و هاوکاری هەموو هێزە ئیسڵاح خوازەکانی دەوێت.
جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، ئهوهشی خستهڕوو، "كه بۆ ئەوەی لەم پرۆژە سەرکەتوو بین پێویستمان بە هاوكاریی خەڵک و كۆمهڵگهی مەدەنی و هێزو لایەنە سیاسییەکانی چاكسازی هەیە".
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دهستیپێكرد، بهمهبهستی بڕیاردان لەسەر میکانزیمەکانی دیاریکردنی كاندیدانی پۆستە حکومییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.
لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بڕیاردرا، دەسەڵاتی دیاریكردنی كاندیدانی بزوتنەوەكە بدرێته دەست رێكخەری گشتی و ئەو كاندیدانی بزوتنەوەكە بۆ پۆستە وەزارییەكان یەكلادەكاتەوە.