لە ناو کۆمەڵێک ململانێدا سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبیتەوە

بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 6ی تەمووز، سەرکردایەتی یەکێتی نیستیمانی کوردستان لە سلێمانی کۆبێتەوە، لەکۆبوونەوەیەکدا کە ناکۆکیەکی بەرچاو لە نێوان جەمسەرەکانی ئەو حزبەدا، بەتایبەت ماڵی تاڵەبانی و کۆسرەت ڕەسوڵ دا بەدی دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، سەرکردایەتی یەکێتی ئەمڕۆ لەسەر پرسی یەکلایکردنەوەی کاندیدەکانی بۆ پۆستە حکومییەکان کۆدەبێتەوە، ئەو کۆبونەوەیە لەکاتێکدایە کە ناکۆکیەکی بەرچاو لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لە نێوان ماڵی تاڵەبانی و ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ دا بەدی دەکرێت.

سپی زانیویەتی، دەرباز کۆسرەت ڕسوڵ پێ لەسەر وەرگرتنی سەرۆکی دەزگای ئاسایسی هەرێم دادەگرێت، لەکاتێکدا کە ناوەندێکی ناو یەکێتی جەخت لەسەر مانەوەی د. خەسرەو گوڵ محەمەد دەکەن لەو پۆستەدا.

لەلایەکی دیکەوە، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، کێبڕکێ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێم دەکات، کە پێشتر وا زانرابوو کە تاکە کاندیدی ئەو پۆستە قوباد تاڵەبانیە.

ئەو حزبە لە کاتێکدا کە  بەدەست ئەم ناکۆکیە قوڵەی هەردوو بنەماڵە بەهێزەکەوە دەناڵینێت، هاوکات پۆستەکانی تریش ناکۆکی و کێشەی توندیان لەسەرە.

بەپێی زانیارییەکان، هەریەک لە (شێخ جەعفەر و عومەر فەتاح و سامان گەرمیانی) کێبڕکێیانە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم، هەروەها هەریەک لە (بێگەرد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق) لە کێبڕکێیەکی توندان لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، ئەمە جگە لەوەی کە کێبڕکێی توندیش  لەسەر پۆستی ئەو شەش وەزارەتە هەیە کە لە کابینەی نوێدا دراون بە یەکێتی.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کابینەی نوێی حکومەتدا هەریەک لە پۆستەکانی (جێگری سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی خوێندانی باڵا، وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی ڕۆشنبیری) و وەزیرێکی هەرێمی پێ دەدرێت.





PM:02:59:06/07/2019