راوێژکارێکی مەکتەبی سیاسی: ئەگەر مناڵە مەسول‌و کۆیلە نەبیت تورێکی قوڕاوی ناهێنێت

راوێژکاری میدیایی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر هەڵبژاردنی ناو حیزبەکەی بۆ پۆستە حکومیەکان دەڵێت " ئەگەر منداڵە مەسئولی دەستڕۆیشتوو، یان کۆیلەو خزمەتکارییان نەبیت، نەخزمەت، نەعەقڵ و نە کەسایەتی و قوربانیدان تورێکی قوڕاوی ناهێنن".

لە پۆستێک لە تۆڕی کۆمەلایەتی فەیسبووک، د. کاروان عەلی راوێژکاری میدیای مەکتەبی سیاسی یەکێتی و مامۆستای زانکۆ نووسیوویەتی "  ئەگەر منداڵە مەسئولی دەستڕۆیشتوو، یان کۆیلەو خزمەتکارییان نەبیت، نەخزمەت، نەعەقڵ و نە کەسایەتی و قوربانیدان تورێکی قوڕاوی ناهێنن".

ئەو راوێژکارە نووسیوویەتی " لەناو خەڵکدا، بەتایبەتی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا هەزاران کادیر کاردەکەن و ماندوو دەبن و ئارەقی شەرمەزاری دەڕێژن بۆ جوانکردنی وێنەی ناشرینیان، کەچی دواجار بەرهەمەکەی بەتەنها منداڵەکانیان و کۆیلەو چاوەشی بەردەرگاکانیان لێی دەخۆن".

لە کۆتایی پۆستەکەیدا د. کاروان عەلی لەسەر پێگەو ریزگرتن لە کادیر، دەڵێت" کادیریش تەنها وەک پەیژەیەکی بێرۆح دەمێنێتەوە کە ئەوانی پێ سەر دەخرێت بۆ پلەو پۆست و پارە".

ئەمڕۆ سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکدا پشکی حیزبەکەی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم یەکلاییکردەوە، د. کاروان عەلی یەکەم کادیری ئەو حیزبەیە دەنگی لەسەر دەرچوونی ئەو کاندیدانە دەربڕی.



PM:09:34:06/07/2019