قائیمقامیەتی سلێمانی: کۆمپانیای کالە دوو جۆر ماستی شیاوی خواردن نیە

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، دوو جۆر ماستی كۆمپانیای كالە شیاوی خواردن نین و لە پشكنین دەرنەچوون و کۆمپانیاکەس سزا دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی دووی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، دوای ئەوەی جۆرەكانی ماستی كۆمپانیای كالە براون بۆ بشكنین بۆ دڵنیابوون لە لایەنی تەندروستی، دەركەوتووە هەردوو جۆرەكانی (ماستی بەیانیان 700گم و سڤن 2 كگم) تەندروست نین بۆ خواردن، سەرەڕای ئەوەی كە ماوەی بەكارهێنانیان بەسەرنەچووە.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دەست بەسەر‌ (540) دانە لە ماستی بەیانیان و (240) ماستی سڤنی كۆمپانیاكەدا گیراوە و دوای پشكنین لەناو براوە.‌

بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانیش لەكۆی (8) جۆری ماستی كۆمپانیای كالە كە پشكنینیان بۆ كراوە تەنها هەردوو جۆری (بەیانیان و سڤن) لە پشكنین دەرنەچوون و جۆرەكانی تر بەپێی پشكنینەكان هیچ كێشەیەكیان نییە و بۆ خواردن گونجاون.

ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرەڕای لەناوبردنی ئەو بڕە ماستە نەشیاوەش كۆمپانیاكە بە بڕێك پارە سزا دراوە.


AM:10:18:07/07/2019