میدیاکانی گۆڕان ناوی کاندیدانی بزووتنەوەکە لادەبەن
"سپی" هۆکارەکەی ئاشکرادەکات

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ناوی كاندیدانی پۆستە وەزارییەكانی بۆ كابینەی نوێی حكومەت بڵاوکردەوە، بەڵام لە ئێستادا ناوەکان لابراون، "سپی"یش هۆکارەکەی ئاشکرادەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ "سپی" ئەوەی ئاشکراکرد کە لابردنی ناوی کاندیدانی پۆستە وزاریەکان لە میدیای فەرمی گوڕان بۆ ناکۆکیەکانی ئەو بزووتنەوەیە لەسەر چۆنێتی دیاریکردنی کاندیدەکان دەگەڕێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "لەناو بزووتنەوەی گۆڕان ناکۆکی و نیگەرانی هەیە لەسەر چۆنێتی دیاریکردنی کاندیدەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو لیژنەیەی کە بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکان دیاریکرابوون".

ئەمڕۆ یەكشەممە بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدانی خۆی بۆ پۆستە وەزارییەكانی كابینەی نۆیەكی حكومەتی هەرێم دیاریكرد و ڕادەستی مەسرور بارزانی، ڕاسپێدراوی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت كرد.

میدیای فەرمی بزوتنەوەكە بڵاویكردەوە بزوتنەوەی گۆڕان هەریەكە لە ئاوات شێخ جەناب، بۆ پۆستی وەزیری دارایی و كوێستان محەمەد بۆ پۆستی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كاندیدكرد.

هەروەها دانا عەبدولكەریم بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و كەمال موسلیم، بۆ پۆستی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی كاندیدكرد.


PM:06:30:07/07/2019