كاوە محەمەد: عادل عەبدولمەهدی دڵنیایی پێداین لەبارەی موچەی فەرمانبەرانەوە

پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا رایدەگەیەنێت، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێیڕاگەیاندووە بەردەوام دەبێت لە هەنگاوەكانی بۆ بەدوورخستنی مووچەی خەڵكی هەرێم لەكێشەكان.

كاوە محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە ئەمڕۆ د. عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران سەبارەت بەناوەڕۆكی راگەیەندراوەكەی دوێنێی فراكسیۆنی گۆڕان (دیدی بزوتنەوەكە بۆ كێشەی نەوت و غاز لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ) پەیوەندی تەلەفۆنی پێوە كردوە و تاوتوێی ناوەڕۆكی ئەو دیدە و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و پرسی نەوت و غازیان كردوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە لەو پەیوەندیەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی كردوەتەوە كە لەسەر هەنگاوەكانی بەردەوام دەبێت بۆ بەدورگرتنی موچەی خەڵكی هەرێم لە كێشەكان.

كاوە محەمەد دەشڵێت: پێویستە حكومەتی هەرێم هاوكارێكی جدی حكومەتی فیدراڵ بێت بەوەی موچەی فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا دابەشبكات یاسای بودجە جێبەجێ بكات هەردوولاش كار بۆ چارەسەركردنی ریشەیی كێشەكان و بە دامەزراوەیی و شەفافكردنی كەرتی نەوت بكەن.


PM:05:47:09/07/2019