لاهور شێخ جەنگی: بە بێ یەكێتی كوردبوون و كوردستان مەحاڵە

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاریی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند،  قبوڵی ناکەین چوار ساڵی داهاتوو وەک چوار ساڵی ڕابردوو زۆنی سەوز پشتگوێ بخرێت.

لە میانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی كۆتاییهاتنی خولێكی ئەفسەران كە لە فەرماندەیی گشتی هێزەكانی 70 بەڕێوەچوو، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، لە ماوەی یەك دوو ساڵی ڕابردوودا توانییان بە برایەتی و تەبایی ڕیزەكانی یەكێتیی چەندین كۆسپی قورس تێپەڕێنن و بەرنامەشیان هەیە كە بە هەمان ڕۆحییەتەوە كار بۆ بەستنی كۆنگرە بكەن.

وتیشی" وەك چۆن لە نێو ڕیزەكانی پێشمەرگەدا توانای نوێ دەهێنرێنە پێشەوە و سپاردنی بەرپرسیاریەتی پێیان، پێویستە لە نێو یەكێتیشدا بە هەمان شێوە توانای نوێ پێشبخرێن و ڕێزیش لە ڕابردووی ئەو كەسایەتییانەش بگیرێت كە بە درێژایی 40 ساڵی ڕابردوو لە نێو یەكێتییدا خەباتیان كردووە".

لاهور شێخ جەنگی، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە سەرجەم كاندیدەكانی یه‌کێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ كابینەی نوێی حكومەت بە كاندیدی خۆی دەزانێت و ئاشكراشی دەكات كە ماوەی ساڵێكیان داناوە بۆ چاودێریكردنی نوێنەرانی یه‌کێتیی لە حكومەت و ئەگەر ئەدایان باش نەبێت لا دەبرێن و دەشڵێت" قبووڵی ناكەین چوار ساڵی داهاتوو وەكو چوار ساڵی ڕابردوو، زۆنی سەوز پشتگوێ بخرێت، دەبێت هەوڵ بدەین لەم ساڵانەی ئاییندەدا ئەو غەدرانەی ڕابردوو لا ببرێن و ڕاست بكرێنەوە".

 لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەدا، بە بێ یەكێتی كوردبوون و كوردستان مەحاڵە و لەگەڵ ئەوەشدا كە یەكێتی ئەگەر كەموكورتیشی هەبێت، بەڵام تەنها حزبە كە بتوانێت پارسەنگی هێز ڕابگرێت و بەرگری لە دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لە هەر چوار پارچەی كوردستان بكات.



AM:11:31:10/07/2019