مەلا بەختیار داوا دەکات یەکێتی رزگار بکەن

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی داوا دەکات حیزبەکەی لە رێگای سازکردنی کۆنگرەوە رزگار بکەن.

ئەمڕۆ ١٠ ی تەموز مەلا بەختیار لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)دا بڵاوی كردەوە كە لە دیداریدا لەگەڵ ژمارەیەك كەسوكاری شەهیدانی هەولێر، رایگەیاندووە كە لەگەڵ ئەوەدا نییە حكومەت بكەن بە حكومەتێكی حزبی، یان حزب بكەن بە ئەلتەرناتیڤی حكومەت، بەڵام پێویستە پەیوەندییەكی ئۆرگانیكی لە نێوان تیمی یەكێتی لە حكومەت‌ و مەڵبەند‌ و رێكخراوەكاندا هەبێ‌ بۆ ئەوەی كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكەن.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی کە ئێستا بەشداری کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ناکات، لە بارەی كۆنگرەی یەكێتییشەوە دەڵێت " بە داخێكی زۆرەوە ماوەیەكی زۆر بەسەر بەستنی كۆنگرەدا تێپەڕیوە، ئێستە یەكێتی قەیران بە قەیران دەسپێرێت، نەك بە چارەسەر، پێویستە كۆنگرەی گۆڕانكاری، بۆ رزگاركرنی یەكێتی لەم دۆخەی ئێستە ببەستن".
ناوبراو دەشڵێت " بە سوێندخواردنی كابینەی نۆیەم، یەكێتی و حكومەت‌ و كوردستانیش كەوتنە بەردەم رێگەیەكی تر‌ و گواسترانەوە بۆ قۆناخێكی نوێ‌ لە ئەركی بەڕێوەبردنی حكومەت، لە سیستەمی حوكمڕانی‌ و ئەركی بەجێگەیاندن‌ و بەجێنەگەیاندنی ئەو پەیمانانەی لە هەڵبژاردنەكان‌ و لە كۆنگرەش بەخەڵكیان داوە"‌.

مەلا بەختیار جەختی كردووەتەوە كە خۆشحاڵە حكومەت پێكهات، دەشڵێ ئەركی ئەم حكومەتە قورسە، چونكە هەتا ئێستە گەندەڵی لە سەرانسەری كوردستاندا‌، لە دامودەزگاكاندا زاڵە، مشەخۆری زاڵە، بازاڕ چاودێریەكی باش نەكراوە‌. هەروەها كێشەیەكی ئێجگار زۆر هەیە كە ئەم حكومەتە پێویستە چارەسەری بكات‌ و هیچ پاساوێكی نیە تەنها دەبێت راستەوخۆ بچێتە مەیدانی چارەسەر.




PM:10:26:10/07/2019