دوران كاڵكان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی فورات نیوز ڕایدەگەیەنێت لە بەشێکی زۆری ناوچەی بادینان هێزی سەربازیی تورکیا هەیە و دەشڵێت: پارتی كوردی لاواز كردووە
كاڵكان باس لەوە دەكات كە "لە بەشێکی زۆری ناوچەی بادینان هێزی سەربازیی تورکیا هەیە. لە هەندێک شوێندا کۆنترۆڵ لە دەستی پەدەکەدایە. لەسەر ڕێگهکان پەدەکە هەیە، بەڵام کۆنتڕۆڵی چیاکان لەدەست تورکیایە. پەدەکە هاوپەیمانهتییهكی بەرژەوەندیخوازانهی دروست کردووە".
راشیگەیاند كە پارتی "لە دژی هێرشی عەفرین هەڵوێستی نەبوو. لە هەندێک ناوچەی باشووری کوردستان 3 کیلۆمەتر و لە هەندێک ناوچە 5 کیلۆمەتر، دوایین جاریش لە برادۆست ساڵی 2018 به قوڵایی 20 کیلۆمەتر هاتنه نێو باشووری کوردستان. هەر ئێستا 35 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو باشوور و داگیری کردووە. پهدهكه لە دژی ئەوە شتێک ناڵێت، بە پێچەوانەوە هاوکاری دەکات. گردەکانی کانیماسی بۆ سوپای تورک بهجێهێشتووه، کونەماسی به قوڵایی 15 کیلۆمەتر لهنێو سنووری باشوورە. واتە لەسەر سنوور نییە. پێشتریش لە ساڵی 1998 پەدەکە ئەو ناوچەیەی ڕادەست کردبوو. سوپای تورک لیوای ئەترووشی برده ئەو ناوچەیە، دواتر لەوێ جێگیر بوو، خاکی باشووری کوردستانیان بەدەست خست".
دوران كاڵكان دەشڵێت "دیارە کە قازانجێکی ماددی هەیە، لێی دەخۆن. لە بەرژەوەندی خێڵە. پێشتریش شەڕی عەشیرەتهكانیان دەکرد، دهیانویست عەشیرەتەکانی بەرانبەریان لەناو ببەن و لاوازیان بکەن. دوژمنی عهشیرهتی برادۆست بوون، دهیانویست لاوازی بکەن و ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن. دوژمنی عهشیرهتی ڕێكان بوون، بۆیە چوونە سەر شێلادزێ. ههندێك ئامانجی دهوڵهتی تورك ههن. ئامانجی ئایدیۆلۆژی ههیه و قڕ دهكات. ئامانجی ستراتیژی ههیه و داگیر دهكات. دهیەوێت کوردستانی عوسمانی بەدەست بخاتەوە".
وتیشی "پارتی لەجیاتی ئەوەی داگیرکاریی تورکیا لە باشووری کوردستان ڕەت بکاتەوە، دەرگاکانی بۆ دەکاتەوە. بۆ سووتاندن و چۆڵکردنی گوندەکان، بۆ بەتاڵکردنی گوندەکان پشتگیریی تورکیا دەکات، چاوەکانی لە ئاست دادەخات. نموونەی هەرێمی برادۆست لەبەر چاوانە. دەڵێن، 50 بۆ 100 گوند چۆڵ دەکەن. بەڵام به بهرچاوی ئهوان تورکیا چەندین گوندی بەخەڵکەکەی چۆڵ کرد"
دوران كاڵكان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە جەختیشیكردەوە كە ئەگەر کورد ببنە یەک سوپای تورکیا ناتوانێت نه لە ڕووی سەربازیی و نه له ڕووی سیاسییەوە یەك هەنگاو بنێت، بەڵام "پارتی هێزی کورد لاواز دەکات".
داواشی لە گەلی كورد كرد كە ئەو كەسانە "شەرمەزار بكەن كه پەیوەندییان لەگەڵ دهوڵهتی توركیادا هەیە و وههایان لێ بكهن دەستبەرداری ئەو پەیوەندییانە بن".