قوباد تاڵەبانی: داوا لە ھەڤاڵانی یەكێتی دەكەم سەبرتان ھەبێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیامێك ئاڕاستەی یەكێتیەكان دەكات و دەڵێت " تكا دەكەم سەبرتان ھەبێت"

دەقی پەیامەكە:

جارێكی تر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەرفەت و شەرەفی ئەوەیان پێدام وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی ھەرێم دەستبەكاربم و لەگەڵ چەند ھەڤاڵێكی تر نوێنەرایەتی یەكێتی بكەین لە حكومەتدا، لەپێناو ئەوەی لە چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا پڕۆگرام و دیدی یەكێتی لە كاری حكومەت و خزمەتگوزاری و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ ھاوڵاتیان شان بەشانی لایەنە بەشدارەكانی دیكە بەرجەستە بكەین.

بەردەوامبوونم وەك جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێم بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە لە بەرامبەر خواو خەڵك و حزبەكەشمدا، پێشتریش چوار ساڵی زۆر قورس و پڕ لە قەیرانی سەختمان تێپەڕاند، بە باش و خراپییەوە لەو ماوەیەدا شانم دایە بەر ئەركێكی یەكجار گران، بەڵام من وەكو قوباد تیایدا بووم بە قوربانی و ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی رەوا و ناڕەواش بوومەوە، ئاساییە ڕەنگە منیش ھەندێك ھەڵەم كردبێت (ئەوەی كار نەكات، ھەڵە ناكات).

دەمەوێت لێرەوە رایبگەیەنم ئەركی داھاتووم بە ھاوكاری تەواوی كابینەی وەزاری ئەوە دەبێت كۆتایی ئەو قۆناغە پڕ لە قەیرانە كە لەكابینەی رابردوو بەشێكیمان چارەسەركرد، بەسەرەتای قۆناغێكی تازەتر ببەستینەوە كە قۆناغی دەستپێكردنی بووژانەوە و خزمەتگوزاری بێت، قۆناغێك بێت لەبری گلەیی و تلانەوە بەدەست گرفتەكانەوە، سەرگەرمی چارەسەركردنی گرفتەكان و دەستپێشخەری و دروستكردنی ھەلی كار و گەشەپێدان بین.

بۆ ئەم ئەركە داوا لە دڵسۆزانی یەكێتی دەكەم پشتی كادرەكانی خۆیان بگرن. بە متمانەوە تەماشای راسپێردراوەكانیان بكەن. ھێشتا دەستبەكارنەبووین، ھێشتا نەیارەكانمان دەستیان نەكردووە بە ڕەخنەی ڕەوا و ناڕەوا، بەڵام ھەندێك لە ھەڤاڵانی خۆمان، ھەندێك راستەوخۆ، ھەندێك لە پشت پەیج و ئەكاونتی سێبەرەوە، قەڵەمەكانیان خستووەتە گەڕ، بۆ مەرامێك كە نەك ھەر ناكۆكە بە پرەنسیپی چەپكەگوڵەكەی مام، بەڵكو سنووری ڕەخنە ‌و رەچاوكردنی گیانی ھەڤاڵێتیش تێدەپەڕێنێت.

ئەم دۆخە كاتی دەستبەكاربوونمان لە كابینەی ھەشتم بیر دێنێتەوە كە بەشێكی ناڕازی لە ناو حیزبی خۆمان تووندتر لە ئەوانەی بە ناو ئۆپۆزسیۆن بوون، رەخنەیان لێ دەگرتین و ھەموو ھەوڵێكی باشیان بێ بەھا دەكرد. ھەر ئەوەش بوو كە چەكی دایە دەستی نەیارەكانمان لە دژمان بەكاری بھێننەوە.

تكا لە ھەڤاڵانی یەكێتی دەكەم، سەبرتان ھەبێت لەبڕیاردان، ئەم تەشكیلەیە نموونەیەكە لە كۆكەرەوەی بارودۆخی ئەمڕۆی یەكێتی، كە ئەگەر ھان بدرێت، نەك لێی بدرێت، پشتیوانی لێ بكرێت، نەك ھەڕەشەی لێ بكرێت، وا دەكات كابینەی نۆ، لە ژینگەیەكی تەندروست دەستبەكار بێت. ئەمەش زیاتر ھانمان دەدات بەرەو یەك ئاڕاستە كار بكەین. ئەویش ئاڕاستەی خزمەتی خەڵك و جێبەجێكردنی بەرپرسیاریە نیشتمانی و ئەخلاقیەكانە.

با لاپەڕە كۆنەكان ھەڵنەدەینەوە، ھەموومان ئەمڕۆ لە ژێر سێبەرەكەی مامین. دەستمان خستۆتە ناو دەست بۆ بەھێزكردنەوەی یەكێتی و باشتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. ئەمڕۆ ڕۆژی ئیش و خەباتە، نەك خۆپەرستی و شكاندنی ئەوانەی كەیفمان پێیان نایە. ئەمڕۆ رۆژی یەكخستنەوەی كوردستانە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندیمانە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، نەك كەرتكردنی كوردستان و ئاڵۆزتركردنی دۆخی ناو سلێمانی بەتایبەتی و كوردستان بەگشتی. ئەمڕۆ رۆژی ناساندنەوەی یەكێتییە بە خەڵكی خۆمان، ئاشتكردنەوە و قوڵكردنەوەی پەیوەندیی یەكێتییە بە خەڵكەوە. سەردەمی بەھێزكردن و ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدایە، بە لایەنە سیاسییەكانی عیراق، بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ئەمڕۆ رۆژێكی نوێیە لەو مێژووە دوورو درێژە پڕ لە سەروەرییەی یەكێتی. با ھەوڵ بدەین لە ئاستی چاوەڕوانی ھاوڵاتیان بین، كارێك بكەین كە ڕەوتی شەپۆل و ئاوەكە بەرەو ئاشی خەڵك و خزمەتی ھەمووان ئاراستە بكەین، دوور لە توڕەیی و ھەڵچوونی میزاجی كەسیی. چونكە من ھەمیشە بڕوام وابووە سیاسەت بە لێبوردەیی و میھرەبانی دەكرێت، ئەوەش وانەیەكە لە مامەوە فێری بووم. بۆیە وەرن قەڵەمە ژەھراوییەكانمان فڕێ بدەین. بۆ یەكێتی و بۆ سەركەوتن، با ھەموومان پشتیوان و ھاوكاری پرۆژەی چاكسازی حكومی و خەمی خاك و خەڵك بین.

قوباد تاڵەبانی 



PM:12:12:11/07/2019