ژنێکی دووگیان خنکێنرا

ژنێکی دووگیانی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری دیواندەرە سەر بە پارێزگای سنە بە دەستی براکەی خنکێنرا.  

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆف لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوێنێ پێنجشەممە، ١١ی تەموزی ٢٠١٩، ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندی تازاوای دۆڵەڕەش سەر بە دیواندرە بە ناوی (زارا ڕەسووڵی) بە دەستی براکەی بە ناوی (عەبدول ڕەسووڵی) خنکێنراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە رێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە، عەبدوڵ ڕەسووڵی لەگەڵ هاوژینی زارا کە ئامۆزای خۆیان بووە بە ناوی (حەبیبوڵڵا ڕەسووڵی) کێشەی هەبووە و گوشاری خستووەتە سەر زارا کە لە هاوژینەکەی جیابێتەوە و ناوبراویش حازر نەبووە کە ئەو کارە بکات. 

ئەوەشخراوەتەڕوو، زارا دووگیان بووە و دایکی منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵیش بووە دوای ئەوەی بە قسەی براکەی نەکردووە، لەلایەن ناوبراوەوە خنکێندراوە. 

هاوکات، هاوژینی زارا شوان بووە و لەکاتی کوژرانی ناوبراو لە ماڵ نەبووە و بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، بکوژ خۆی ڕادەستی بنکەی پۆلیسی هەزارکانیان کردووە.




AM:10:23:12/07/2019