سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە تاوانی سوتانی سێوە قادر و سێ منداڵەكەی بەلاڕێدا دەبرێ و كەیسەكە تەداخولی تێدایە.
لە راگەیەندراوێكدا سۆران عومەر ئاشكرایكردوە كە "كەیسی سێوە قادر كە سوتانی دایكێك و سێ كۆرپەی بوو، رووداوێكی ئاسایی نەبوو، سەرەتا پشتیوانی دۆسێكە زۆر بوو، لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڵێنی لێكۆڵینەوەی وردیاندا، بەڵام پاش ماوەیەكی زۆر كەسێك كە لەدۆسێكەدا كە سكاڵای لەسەر بوو لەقۆناغی لێكۆڵینەوەدا ئازاد كرا".
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشكردوە، "بەڵگەی تاوانیش پاش 3 هەفتە بەسەر ڕوداوەكەدا دەچێتە شوێنە تاوانەكە و لە ڕاپۆرتەكەیدا جەختیكردوەتەوە، هاوسەری سێوە نەیسوتاندوون لەكاتێكدا دادگا داوای بەڕێوەبەری بەڵگە و تاوانی سلێمانی دەكات لەسەر ئەو بڕیاردانەی پێش لێكۆڵینەوەو دادگا! بەڵام ئامادە نابێ بچێتە بەردەم دادوەر".