پێنج پۆستی وەزارەتەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هات

له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئاڵوگۆڕ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێنج وه‌زاره‌تی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم كرا.

ئەمڕۆ دووشەمە 15ی تەموزی 2019 بە راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەکانی وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کاروباری پێشمەرگە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە و کارەبا کرا.

دانا عەبدولکەریم، دەسەڵاتەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و  شۆڕش ئیسماعیل دەسەڵاتەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی لە کەریم شنگالی و ئارامی حەمەی مینا، دەسەڵاتەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە د. یوسف گۆران و ئالان حەمە سەعید، دەسەڵاتەکانی وەزارەتی پەروەردەی لە پشتیوان سادق و کەمال محەمەد ساڵح، دەسەڵاتەکانی وەزارەتی کارەبای وەرگرت. 

وێڕای سووپاسكردنی وەزیرانی پێشوو، جەختكرایەوە لەسەر پێكەوەكاركردن و جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وجێبەجێكردنی بڕیارەكانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و هەموو لایەك راسپێردران بۆ هەنگاونان بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.

پرۆسەکە بە سەرپەرشتی لێژنەیەكی تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی وەزارەتەکان بەڕێوەچوو، کە پێکهاتبوو لە شەعبان شەعبان چالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکوومەت و ئامانج رەحیم، سکرتێری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.

بڕیارە پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵاتەكانیش تا كۆتایی ئه م هەفتەیه لە سەرجەم وەزارەتەكان ئەنجام بدرێت.


PM:09:23:15/07/2019