لیژنەی هەڵسەنگاندنی كاندیدەكانی گۆڕان ڕوونكردنەوە دەدات

لیژنەی هەڵسەنگاندنی كاندیدەكانی گۆڕان لەبارەی كاری لیژنەكەیانەوە ڕوونكردنەوە دەدات و ڕەتیدەكاتەوە كاری لیژنەكەیان شكستی هێنابێت.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە "ئێمە رایدەگەیەنین كە ئەم لیژنەیە كارەكانی بە سەركەوتوویی ئەنجامداوە و زۆرینەی  ئەندامەكانی شێلگیرانە پابەندبوون بە شێوازی هەڵسەنگاندن  و ئەنجامەكانی بەڵام هەر لە سەرەتاوە  گومانمان لەوە هەبوو كە دەستێك دەیویست كاری لیژنەكە بەلاڕێدا بەرێت بۆ ئەوەی دوور لە رێنمایی و پێوەرەكانی لیژنەكە بەربژێرەكان  یەكلایی بكرێنەوە".

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی:

لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ ، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ، لیژنەی هەڵسەنگاندنی سی ڤی كاندیدەكانی گۆڕانی بۆ پۆستە حكومییەكان پێك هێنا . لیژنەكەمان لە رۆژی دەست بەكاربوونییەوە ، زۆر پیشەییانە و بەپێی  ئەو رێنمایی و پێوەرانەی  كە لیژنەكە و جڤاتی نیشتیمانی لەسەری رێككەوتبوون كارەكەی خۆی ئەنجامدا  . لە كۆتاییدا لیژنەكە  ئەنجامی هەڵسەنگاندنی سی ڤی یەكانی تەواو كرد و بۆ هەر یەك لە وەزارەتەكانی  ئاوەدانكردنەوە و دارایی و كاروباری كۆمەڵایەتی سێ بەربژێر و بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێنج بەربژێری دیاریكرد ،  ئەویش بە پێی نمرەبەندی و پێوەرەكان تاكو  جڤاتی نیشتیمانی بەپێی بڕیاری خۆیان بە دەنگدان بۆ هەر وەزارەتێك  بەربژێرێك دیاری بكات . بەڵام جێی داخە راستی كاركردنی ئەم لیژنەیە بە مەبەستی تایبەتی لە میدیاكان شێوێنراوە .

ئێمە رایدەگەیەنین كە ئەم لیژنەیە كارەكانی بە سەركەوتوویی ئەنجامداوە و زۆرینەی  ئەندامەكانی شێلگیرانە پابەندبوون بە شێوازی هەڵسەنگاندن  و ئەنجامەكانی بەڵام هەر لە سەرەتاوە  گومانمان لەوە هەبوو كە دەستێك دەیویست كاری لیژنەكە بەلاڕێدا بەرێت بۆ ئەوەی دوور لە رێنمایی و پێوەرەكانی لیژنەكە بەربژێرەكان  یەكلایی بكرێنەوە ، دواتریش  ئەم راستییانە لەلایەن چەند ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانییەوە لە هەندێك لە راگەیاندنەكاندا شێوێنران جگە لەو شێواندنانەش  باسی ئەوەشیان كردووە كە گوایە لیژنەی هەڵسەنگاندن دانی بە شكستهێنانی خۆیدا نابێ و داوای لێبوردنیشی لە جڤاتی نیشتیمانی كرد بێت ، ئەمانە دوورن لە راستییەوە و دەشێت یەك دوو ئەندامی لێژنەكە كە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانین لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانییدا دانیان بە شكستی خۆیاندا نابیت ، نەوەك هەموو ئەندامانی لیژنەكە.

جارێكی تر بۆ رای گشتی و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنین كە ئەو بابەتانەی لەلایەن هەندێك كەسەوە سەبارەت بە كاری لیژنەكەمان باس دەكرێن دوورن لە راستی و تەنیا بۆ چەواشەكردنی رای گشتی و مەبەستی تایبەتی و بەرژەوەندیخوازانەیە  كە دوورن لە نەریتی گۆڕان و پەیام و ئامانجەكانی بزوتنەوەی گۆڕان .
 
د. بایەزید حەسەن عەبدوڵڵا            لیوا جەلال مستەفا محەمەد           فوئاد جەمال سەلام



PM:01:26:16/07/2019