بڕیار لەسەر دانانی پۆستەکانی دی گۆڕان نادرێتە دەست رێکخەری گشتی

بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دانانی پشکەکانی تری لە کابینەی نوێ حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم، بەرێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی نەسپاردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، دانانی پۆستەکانی تری گۆڕان لە سەرۆکایەتی هەرێم و کابینەی نوێی حکومەت، وەک دانانی  وەزیرەکانی گۆڕان کە چوار وەزیر بوو ناسپێردرێت بە عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە، بەڵکو پێویست دەکات بۆ دانانی پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری چاکسازی و وەکیل وەزیرەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، جارێکی تر جڤاتی نیشتمانی کۆبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو پۆستانە.

ماڵپەڕی سپی، بۆ پشتڕاستکردنەوە ئەو زانیاریانە پەیوەندیکرد بە شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکەوە، ئەویش لای خۆیەوە رایگەیاند" رێکخەری گشتی لەلایەن جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندنەوە سەرپشککرا لە دانانی چوار وەزیرەکەی پشکی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، بەلآم بۆ دانانی نوێنەرانی گۆڕان هەر لە جێگری سەرۆکی هەرێمەوە بۆ یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ پرسی چاکسازی، تا دەگاتە وەکیل وەزیرەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەبێت جارێکی تر جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆبێتەوەو بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدات".

سەبارەت بە پرسیارێکی سپی، کە ئایا راسپاردنی رێکخەری گشتی تەنها بۆ دانانی وەزیرەکانی گۆڕان بووە، شۆرش حاجی جەختی لەسەر ئەو پرسە کردەوەو وتی دانانی ئەو پۆستانەی تری گۆڕان بەو میکانیزمانەی پێشوو نابێت و جڤاتی نیشتمانی جارێکی تر بۆ ئەو دانانی کانیدانی گۆڕان بۆ ئەو پۆستانە کۆدەبێتەوە.

لە دانانی وەزیرەکان، بزووتنەوەی گۆڕان دووچاری کیشەو ناکۆکی رێکخراوەیی قوڵ بووەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو ژمارەیەک هەڵسوڕاوی ئەو بزووتنەوە ناکۆک بوون لەگەڵ میکانیزم و ئەو کەسایەتیانەی دانران. 
 

PM:08:37:20/07/2019