"سپی" زانیاری نوێ لەسەر رووداوی کوشتنی بەرپرسەکەی تورکیا لە هەولێر بڵاودەکاتەوە

ماڵپەڕی سپی لە رێگای چەند سەرچاوەیەکی جیا جیاوە چەند زانیارییەکی نوێی لەسەر رووداوی کوشتنی بەرپرسەکەی تورکیا و دوو هاوڵاتی لەهەولێر بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی "سپی" کەوتووە، کەسی دووەمی تۆمەتباری رووداوی کوشتنی بەرپرسەکەی تورکیا کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمەوە رۆژی ٢٠ ی تەمموز لە هەولێر دەستگیرکرا بەناوی " محەمەد بیسکسز"، لەماڵی کەسایەتییەکی عەشائیری و کۆمەڵایەتی ناسراوی هەرێمی کوردستاندا بووە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی، کەوتووە، ئەو کەسەی کە لەگەڵ ئامۆزاکەی ئازاد جوندیانیشدا لە رووداوەکە لە ریستورانتەکەدا گیانی لەدەستداو کوژرا  کە خەڵکی هەرێم کوردستان بوو، شۆفێری ماڵی ئەو کەسایەتییە عەشائیریە بووە کە ئەو تۆمەتبارەی تیادا دەستگیر کراوە.

ئەو کەسایەتییە عەشائیریە کە خۆی لە ژیاندا نەماوەو چەند کورێکی ئێستا وەک رووی ناسراوی بنەماڵەکەن، هەر لە کۆنەوەو تا ئێستاش پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ هەر سێ لایەنی گەورەی کوردستان، پارتی و یەکێتی و پەکەکەدا هەیە، هەروەها پەیوەندیەکی باشیشیان لەگەڵ تورکەکاندا هەیە.

نیوەڕۆی ١٧ ی تەموز لەناوجەرگەی شاری هەولێر لە ریستورانتی "هۆقە" تەقەکراو بەرپرسێکی دیاری تورکیا بەناوی " عوسمان کۆسەوە"و دوو هاوڵاتی باشووری کوردستانیش کوژران.

دوای رووداوەکە ماڵپەڕی ناسراوی ئەمەریکی "ئەلمۆنیتەر" بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی لە هەولێر کوژراوە ناوی (عوسمان کۆسە)یەو، دیپلۆماتکارنییە و ناویشی لە لیستی کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نییە، بەڵکو ئەندامێکی باڵای دەزگای هەواڵگری "میتە"، پێشتر بەرپرسی دێسکی ئێران بووە لە دەستگای مخابەراتی "میت"و، لەم کاتەشدا بۆ هەرێم بە کارێکی تایبەت بۆ ماوەی شەش مانگ نێردراوە.
دوای رووداوەکە رۆژی ١٨ ی تەموز هێزە ئەمنییەکان کەسێکیان بە تۆمەتی بکەری تەقەکان بەناوی " مەزلوم داغ " دەستگیرکرد، ٢٠ ی تەموزیش تۆمەتبارێکی دی بەناوی "محەمەد بیسکسز"ش دەسیتگیر کراو، چەند کەسێکی تریش لەو ماڵەی "محەمەد" کە ماڵی کەسایەتییە عەشایریەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

هەرچەندە هێزە ئەمنییەکانی رایانگەیاندووە کە خەڵکی کوردستان لە تەواوی رووداوەکە بڵاودەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا تەنها دەستگیرکردنی دوو " تۆمەتبار " بڵاوکراوەتەوە.




PM:09:12:23/07/2019