ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی هەشت كەسی‌ ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی‌ ئاسایشی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕایگەیاند لە ئەنجامی دوو چالاكی هێزەكانیانی هەشت كەس دەستگیركراون، یەكێك لەوانەش لەڕێگەی سیمكارتی بێسەرەتاوە فێڵی لە بەشێك لە موچەخۆران كردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی ئاسایشی سلێمانی "بەمەبەستی‌ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و نەهێشتنی‌ هەموو جۆرە دیاردەیەكی‌ دزیكردن، هێزەكانی‌ ئاسایش لەڕۆژی 9ی 7ی ئەمساڵ، حەوت كەسیان بەتۆمەتی دزین و فرۆشتنی ئاسن و فافۆنی بلواری‌ شەقامەكان دەستگیركراوە".

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی دیكەی ئاسایشی سلێمانی، ڕۆژی 7ی ئەم مانگە، كەسێكیان بەگوێرەی‌ مادەی‌ (456) لەیاسای سزادانی‌ عیراقی‌ دەستگیركردوە كە لەدایكبوی ساڵی 1970یە، بەتۆمەتی بەتۆمەتی‌ فێڵكردن لەكەمئەندامان و خانەنشینان و وارسی‌ شەهیدان.

ئەوەش ڕونكراوەتەوە، "ماوەی‌ دوساڵە ئەو تۆمەتبارە سیم كارتی‌ بێ سەرەتای‌ كڕیوە لەكەركوك، بەم سیم كارتانە تەلەفۆنی‌ كردوە بۆ هاوڵاتیان، سەرەتا پرسیاری‌ لێكردون موچەخۆرن سەربەچی‌ وەزارەتێكن خۆی‌ كردوە بەكارمەندی‌ ئەو وەزارەتەو پێی‌ وتون پارەی‌ كۆكراوەت بۆ هاتوە یاخود موچەكەتمان بۆ زیادكردون".

ئاسایش ئەوەشی‌ ئاشكراكردوە، هەمان ئەوكەسە وەك بەخشیش (4 بۆ 5) كارتی‌ 25 هەزاری مۆبایلی‌ بەهاوڵاتیان كڕیوە.



PM:01:54:24/07/2019