"پێدەچێت گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە خەڵکی چەمچەماڵ و سنوری گەرمیان بن"

تەواوی قوربانییەکانی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی سەماوە ژن و منداڵی کوردن و بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهید و ئەنفالکراوانیش دەڵێت: پێدەچێت خەڵکی چەمچەماڵ و سنوری گەرمیان بن.

ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهید و ئەنفالکراوان بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی راگەیاندووە، تیمی تایبەت بەردەوامن لە هەڵدانەوە و گەڕان بە دوای قوربانییەکاندا و وتیشی "ئەنفالکراوانی ئەم گۆڕەی سەماوە ژن و منداڵی کوردن و پێدەچێت خەڵکی چەمچەماڵ و سنوری گەرمیان بن و هەرچەندە هیچ ناسنامەیەکیان لەناو گۆڕەکەدا نەبووە".

ئەوەشی ئاشکراکردووە کە جلوبەرگی قوربانییەکان بەهاریین کە سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم قوربانییانە لە شاڵاوی ئەنفالی چوار و سێدا کۆمەڵکوژ کراون.

ئەدیب لەتیف ئەوەشی راگەیاندووە کە رۆژنامەیەکی (راصد)ی ئەو سەردەمە لە ناو گۆڕەکەدا دۆزراوەتەوە کە ژمارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نیسان کە دووپاتی ئەوە دەکاتەوە قوربانییەکان لە وەرزی بەهاردا کۆمەڵکوژ کراون و لەو شوێنەشدا سێ گۆڕی بە کۆمەڵ هەن و ئەم ژمارەیە تەنیا قوربانی نێو گۆڕێکی بە کۆمەڵی سەماوەن.

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهید و ئەنفالکراوان وتیشی "لە نێو قوربانییەکاندا منداڵەکان تەمەنیان زۆر بچوکە و تیمی هاوبەشی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم و دەزگای شەهیدانی بەغدا و پزیشکی دادوەری بەغدا و یەکەی ئیداری ناوچەکە سەرپەرشتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەن".


ئه‌م بابه‌ته ‌468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:01:24/07/2019