دۆناڵد ترەمپ: هیوادارم ناچار نەكرێین چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند واشنتۆن كار بۆ نوێكردنەوەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی دەكات، بەڵام هیوادارە ناچار نەكرێن بەكاریبهێنن.

سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: كە بەپێی دەستووری ئەمریكا وەك سەرۆك مافی هەیە ئەوەی دەیخوازێت ئەنجامی بدات، بۆیە لە ئێستادا كاردەكەن بۆ نوێكردنەوەو گەشەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئەمریكا.

لە درێژەی لێدوانەكەشیدا ترەمپ هیوای خواست ڕەوشێك دروست نەبێت كە ناچاربێت بڕیاری بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی بدات.

ئەمە لە كاتێكدایە لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و بڕیارەكەی ئێران بۆ پابەندنەبوونی بە هەندێك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە، ئاڵۆزییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران قوڵتر دەبنەوە، ئەگەرچی هەردوولاش دوپاتیدەكەنەوە كە ئامانجیان هەڵگیرساندنی جەنگ نییە، بەڵام هەڕەشە و لێدوانە دژ بە یەكەكانیان بەردەوامی هەیە.




PM:03:34:25/07/2019