كرێكارێكی ژینگەپارێز لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركەكەیدا گیانی لەدەست دا

كرێكارێكی ژینگەپارێز لە كاتی جێبەجێكردنی ئەركەكەی لە دوكان، لە ئۆتۆمبێل دەكەوێتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا.

بەیانیی ئەمڕۆ، كرێكارێكی پاكەوانی لە دوكان لە كاتی كاركردن لە ئۆتۆمبێلی "كابیسە" ی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك دەكەوێتە خوارەوە، دواتر شۆفێری ئۆتۆمبێڵەكە لە كاتی كشانەوە نایبینێ و دەیشێلێ و گیان لەدەست دەدات.

یوسف ئەسعەد شەریف، ئەو گەنجەی لە رووداوەكەدا گیانی لەدەست دا، كە خەڵكی گوندی كەلكەسماقی سنووری دوكانە، قوتابی ئامادەیی بووە و بۆ بژێوی خێزانەكەی لە كۆمپانیای شكار كاری كردووە، كە ئەو كۆمپانیایە كاری پاكەوانی لە سنووری قەزای دووكان بەڕێوە دەبات.

بە وتەی كەسوكارەكەی، وەك هەر ڕۆژێكی ئاسایی، ئەمڕۆ یوسف چووە بۆ كار، بەڵام لە كاتی كاركردن لە سەر ئۆتۆمبێلی كۆكردنەوەی خاشاك، كەوتووەتە خوارەوە و سەری زیانی زۆری پێ گەیشتووە، دواتر بە كاریگەری برینەكەی، گیانی لەدەست داوە.

لە ڕاگەیەنراوێكدا قایمقامیەتی قەزای دوكان وێڕای پشتڕاست كردنەوەی گیان لەدەستدانی ئەو كرێكارە، ئاماژە بەوە دەكات، یوسف یەكێك بووە لە ژینگە پارێزانی سنووری قەزاكەیان.



PM:03:42:25/07/2019