عادل عەبدولمەهدی: بەشێک لە شۆرشگێرە بازرگانەکانی شاخ خەمی خۆیانە نەک پرسی کورد

ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، كە عادل عەبدولمەهدی وتویەتی بە نامە بەبەرپرسێكی هەرێمم وتوە "ئێوە لە نێوان گرفتی جوگرافیا و بەرژەوەندیدا دەبێ بزانن سود و مەصلەحەتی خەلک و هەرێمەکەتان بەرەو کوێ ئاراستە دەکەن، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بەشێک لە شۆرشگێرە بازرگانەکانی شاخ کە هەمان وتار دەبەن بەرێوە خەمی خۆیانە نەک پرسی کورد".

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی،"رۆژی 7 /24وەک فراکسێۆنی گۆڕان بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق دکتۆر عادل عەبدولمەهدی کۆبوینەوە، گفتوگۆیەکی قوڵی سیاسیی و فکری لە نێوانماندا بەرێوەچو".

هۆشیار عەبدوڵا نوسیویەتی،"دەربارەی فکری قەومی و قەومیەت، عادل عەبدولمەهدی قسەیەکی کرد جێگەی سەرنج بو، وەک رەخنەیەک وتی،لە روی مێژوییەوە، ئێوەی کورد دوای هەمو نەتەوەکانی تری ناوچەکە دەستتاندایە مەسەلەی قەومیەت و رەنگە دوایی هەموانیش دەستی لێهەڵبگرن".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەشڵێت،"عادل عەبدولمەهدی وتی: هەمو کەس شانازی بە نەتەوەکەیەوە دەکا، ئینتیما بۆ نەتەوە وەک هەست وەک بەشێکی شوناسی مرۆڤ هەتا بەشەریەت بمێنێ هەر دەمێنی، بەڵام کاتێک قەومیەت وەک ئایدۆلۆژیایەکی داخراو دەبێتە تەرح و تێروانینی فکری و سیاسیی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی قەومی و کیانی قەومی ئەوە مەسەلەیەکە گەلان دەمێکە جێیانهێشتوە و چەقین لەم پرسەدا سود بەنەتەوە ناگەیەنێت، بەڵکو لاوازی دەکا.

عادل عەبدولمەهدی وتوشیەتی،"بە نامە بە رونی بۆ بەرپرسێکی باڵای کوردم ناردوە کە ئێوە لە نێوان گرفتی (جوگرافیا) و ( بەرژەوەندی) دا دەبێ بزانن سود و مەصلەحەتی خەلک و هەرێمەکەتان بەرەو کوێ ئاراستە دەکەن و گرنگە دورکەونەوە لە چوارچێوە تەسک و بچوکەکان، وێنە گەورەکەی بەرژەوەندی خۆتان ببینن بە گوێرەی ئەم قۆناغ و زەمەنەی کە پێیگەیشتوین، پرسی کورد ئێستا پرسێکی گەورەی جیهانییە داخستنی جوگرافیا و گیرخواردن لە گرێ مێژوییەکاندا پرسی کورد گەورەتر ناکا، بەڵکو بچوکی دەکاتەوە".

بەوتەی هۆشیار عەبدوڵا،"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نمونەی چەند نەتەوەیەکی لە مێژوی کۆن و نوێدا هێناوەتەوە کە کاتێک لە گرێکانی مێژو و جوگرافیا نەجاتیان بوە چۆن پێشکەوتون و چونەتە ئاستیی باڵای خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن" دەڵێت،"کە عەبدولمەهدی ئەو قسانەی کرد بیرم لەوە دەکردەوە فعلەن ئایا کەی لەو بازرگانیە بەناوی قەومیەت رزگارمان دەبێت ؟!"

هۆشیار عەبدوڵا راشیگەیاند،"نزیکەی سەدەیەک خەبات بەناوی قەومیەتەوە (بەسەردەمە باش و خراپەکەیەوە، بەدیوە تاریک و رونەکەشیەوە) لە بارێکیدا نەتیجەکەی ئەمڕۆی باشوری کوردستانە، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا (بەشێک) لە شۆرشگێرە بازرگانەکانی شاخ کە هەمان وتار دەبەن بەرێوە خەمی خۆیانە نەک پرسی کورد، چونکە سور دەزانن کێشەی کورد بە وتارێکی داخراوی قەومی لەم رۆژگارەدا ناگاتە هیچ کوێ، بەڵام دەستیپێوەدەگرن چونکە بۆتە بازرگانی لای بەشێکی زۆریان".

لە درێژەی پەیامەكەیدا، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان نوسیویەتی،"هەر بەو کاسبیەوە لە 1991ەوە بێ هیچ بەهرەیەکی سیاسیی و ئیداریی و زانستی، توانیویانە لەسەر شانۆی دەسەڵاتی حزبی و حکومی بمێننەوە و هەرێم لە شکستێکەوە بدەنە دەست شکستێکی خراپتر"، گرنگ ئەوەیە ئەو بازرگانیە قەومیە بۆ ئەوان باشترین رێگەی مانەوە و ئاسانترین وتاری سۆزداریشە بۆ راکێشانی هەستی خەڵک و یاریی پێکردنی، ئیدی بەرژەوەندیەکانی خەڵک و خاکی هەرێم و بەرەوپێشچون و بونی وتارێکی ژیاندۆست و مرۆڤدۆست و کراوە بە روی مێژو و جوگرافیادا، بایەخێکی ئەوتۆی نیە".


PM:07:14:26/07/2019