" گۆڕان رووبەڕووی رۆچوونێکی مەترسیدار بۆتەوە "

پرۆژەی پڕۆ گۆڕان پێیانوایە کە بزووتنەوەی گۆڕان دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رووبەڕووی رۆچوونێکی مەترسیدار بۆتەوە.
لە راگەیاندراوێکدا کە کۆپیەکی بۆ " سپی " نێردراوە، پڕگۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "  لە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان بزوتنەوەکە ڕوبەڕوی رۆچونێکی مەترسیدار بوەوە، گرنگترین کاریگەری ئەم ڕۆچونە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر دۆخی گۆڕان و متمانەی جەماوەر و دەنگدەران و پێگەی سیاسی کردوە". 

هەروەها لەو راگەیاندنەدا هاتووە" ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ ناگونجێ لە گەڵ بەهاکانی هزری گۆڕان و دژ بەو ڕێچکە شارستانی گۆڕانخوازانەیە کە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا وەك میراتێکی مەعنەوی، ڕێکخراوەیی و سیاسی بۆی بەجێ‌ هێشتوین. زۆر هەوڵ دراوە تا گەردی تاکڕەوی ‌و تۆزی لادان لە جەستەی گۆران بتەکێنرێ ‌و بە ئەڵتەرناتیڤێ کە بەری بیرکردنەوە، گفتۆگۆ، هەڵوێست ‌و کاری دەستەجەمعی هەمو گۆڕانخوازان بێ، جێیەکەی پڕ بکرێتەوە، مەخابن سەرجەم ئەم هەوڵانە لە بەردەم خواست و نیەتی دەسەڵاتدارانی گۆڕاندا بێ ئەنجام بون".

راگەیانراوی پرۆگۆڕان لە ساڵیادی ٢٥ی جولای ٢٠٠٩ دا

لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی کوردستان لەهەڵبژاردنەکانی ٢٥ی جولای ساڵی ٢٠٠٩ سەرکەوتنێکی مەزنی بە دەستهێنا، سەرەتایەکی ئومێدبەخشیش بو بۆ گۆرینی سیستەمی حوکمرانی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و بەرقەرارکردنی حوکمی یاسا و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. لە سایەی ئەو سەرکەوتنەدا گۆڕان بوە هێزێکی بنەرەتی لە باشوری کوردستان،  هەزاران هەڵسوراو و گۆرانخواز لە وڵات و دەرەوە ئارەزومەندانە و خۆبەخشانە شەو و رۆژیان خستبوە سەر یەک بە تەبایی و یەکگرتویی و رێزگرتن و گوێگرتن و لێکتێگەیشتن لەیەکتر بزوتنەوەکەیان بەرەو لوتکەی بەهێزبون و گەشەکردن دەبرد.
ڕۆڵی ڕەوانشاد و دلسۆزەکانی لەو پرۆسەیەدا گەورە و کاریگەر بون، جەماوەر و هەڵسوراوانی گۆڕانیش شان بە شانی رێکخەرەکەیان ماندوبون و قوربانی زۆریان بەخشیوە. دەسەڵاتدارانی هەرێم درێغیان نەکرد لە کوشتن و تۆقین و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و نانبرین و سزای سیاسی گۆرانخوازان و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان و تا هێرشی قێزەوەن و هەمەجیانە بۆ سەر مەکۆکانی گۆڕان و گێچەڵ کردن و هەڵمەتی راگەیاندنی بێ شەرم بۆ سەر خودی رێکخەری گشتی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا.
کار لەوانەشدا نەوەستا جەمسەرەکانی دو حزبی دەسەڵاتدار بە هەماهەنگیەکی ژێر بەژێر گۆڕانیان لە کابینەی هەشتەم دەرپەڕاند بە نیەتی تەختکردنی گۆڕەپانەکە بۆ مەرام و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان. سەرەڕای ئەو گێچەڵکردن و هێرش و ناهاقیانە دەرهەق بە گۆڕان بەڵام رەوانشاد و هەڵسواراوەکان بە سەبرێکی بێ وێنە و هێمنیەکی بێئەندازە ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نەتەوەیی و بونیادی حوکمرانیان پاراست. 
لە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان بزوتنەوەکە ڕوبەڕوی رۆچونێکی مەترسیدار بوەوە، گرنگترین کاریگەری ئەم ڕۆچونە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر دۆخی گۆڕان و متمانەی جەماوەر و دەنگدەران و پێگەی سیاسی کردوە. 
لە ساڵیادی ئەو روداوە مەزنەدا دەبینین سەروەری و سەربەخۆیی گۆڕان کەوتۆتە گێژاوی میزاجی جیاجیای ناو بزوتنەوەکە و دەوروبەرەکەشیەوە، بۆیەلە بریارداندا تەریک کەوتوە و نازانرێت لەژێر چ کاریگەریەکدا بریار دەدرێت، هەر بۆیەش لەزۆربەی روداوە سیاسیەکاندا پێگە و هەڵوێستی گۆڕان ناڕون و ناجێگیر و تەماوی بوە، گۆڕان ئێستا لە بازنەکانی گوتارێکی سیاسی چەقبەستوی بێ کاریگەردا دەخولێتەوە بێئەوەی بتوانێت دیدگایەکی ڕونی بۆ ئایندە و ئەڵتەرنەتیڤەکان هەبێت. لە سایەی ئەو دۆخەدا دامەزراوەکانی گۆڕان پەراوێز کراون و کاریگەرییان نەماوە، هاوکاتیش دیاردەی دەست تێوەردان و فرە سەنتەری بریاردان بۆتە سەرچاوەی مەترسی جدی لە سەر سڕینەوەی پرەنسیپەکانی گۆڕانکاری و چاکسازی.
هەوڵەکانی ڕابردو بۆ باشکردنی ئەدا بو؛ بەڵام  پرۆژەی گۆڕان ( پرۆگۆڕان) بۆ بەهاناوە هاتنی بزوتنەوەکە هاتوە لە ڕۆچون لەسەر دەستی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕاندا و لە سایەی ئالودە بون بەوەی بە ' تەوریسی سیاسی' ناوزەد دەکرێ.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ ناگونجێ لە گەڵ بەهاکانی هزری گۆڕان و دژ بەو ڕێچکە شارستانی گۆڕانخوازانەیە کە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا وەك میراتێکی مەعنەوی، ڕێکخراوەیی و سیاسی بۆی بەجێ‌ هێشتوین. زۆر هەوڵ دراوە تا گەردی تاکڕەوی ‌و تۆزی لادان لە جەستەی گۆران بتەکێنرێ ‌و بە ئەڵتەرناتیڤێ کە بەری بیرکردنەوە، گفتۆگۆ، هەڵوێست ‌و کاری دەستەجەمعی هەمو گۆڕانخوازان بێ، جێیەکەی پڕ بکرێتەوە، مەخابن سەرجەم ئەم هەوڵانە لە بەردەم خواست و نیەتی دەسەڵاتدارانی گۆڕاندا بێ ئەنجام بون.

جەماوەری کوردستان،
گۆرنخواز و هەڵسوراو دڵسۆزەکانی گۆڕان،
پێش بەشداربونی گۆڕان لە حکومەت راشکاوانە ڕامان گەیاند کە دەبێت ئەو بەشداریبونە هاوتەریب بێت لە گەڵ دەستپێکردن بە کارنامەیەکی فرە ئاراستە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی لە ناو گۆڕاندا تا پێگەی لە حوکمرانیدا بەهێزتر و کاریگەرتر بێت، جارێکی تر بینیمان چۆن بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان ئەوەندەی خەمخۆری تەکەتول و گروپ گروپێنە و ڕازیکردنی پاشکۆکانیان بون بە بەخشینەوەی پلە و پۆست هیچکات خەمی گوێگرتن لە دەنگە جیاوازەکانی ناو گۆڕان و لێکتێگەیشتنی یەکتر نەبون، بۆیە سەرکردایەتیەک گوێ لە هەڵسەنگاندن و رەخنە و بۆچونەکانی هەڵسوراوان نەگرێت و ئیرادەی جەماوەرەکەی بە هەند وەرنەگرێت مەحاڵە بتوانێت لە گەڵ دو هێزی ڕکابەری سەرسەختدا چاکسازی لە حوکمرانیدا بکات.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ئێمە هەڵسوراوانی پرۆگۆڕان دەنگی خۆمان دەخەینە خزمەتی یەکلاییکردنەوەی ئاراستەیەکی نوێی هەڵسوراوە یاخیبوەکان و داواکاری بنەڕەتی جەماوەری گۆڕان بۆ سازدانی بەرەیەکی بەرفراوانی نیشتمانی کە کار بکات بۆ بەدیهێنانی سیستەمێکی حوکمرانی دادپەرەوەر و ڕێزگرتن لە ئازادی و سەروەری یاسا و پێڕەوکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەڕەنگاربونەوەی جدی دژ بە گەندەڵی و فەسادی ئیداری و سیاسی و دارشتنی سیاسەت و کارنامەیەکی نیشتمانی بۆ پەیوەندیەکان لە گەڵ حکومەتی عێراق و درواسێ و هێزە پەیوەندار و کوردی و کوردستانیەکان.
لەم بۆنەیەدا جارێکی تر شانازی و سەربەرزیمان بە ماندوبون و قوربانیەکانی هەڵسوراوان و گۆرانخوازان دوپات دەکەینەوە، خوازیارین رۆڵەکانی میللەتەکەمان پەرۆشتر و کاریگەرتر لە جاران بێ وچان کار بۆ هزری چاکسازی و گۆرانکاری لە ناو فەرمانرەوایی و ژیانی سیاسیدا بکەن، لەم بۆنەیەدا بەڵێن دەدەین بە یەکەوە قۆڵی لێ هەڵکەین بۆ بەدیهێنانی خەونە مەزنەکانی میللەتەکەمان و بۆ ئایندەیەکی گەشەدار.
لەم یادەدا سەری رێز دادەنوێنین بۆ شکۆ و قوربانیدانەکانی خوالێخۆشبو نەوشیروان مستەفا و هاورێکانی و گشت شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری کوردستان.   

پرۆگۆڕان – ئەوروپا
٢٥ی جولای ٢٠١٩



PM:08:48:27/07/2019