ویکلیکس: نەوشیروان مستەفا پێیوابووە لە یەکگرتنەوەی پێشمەرگەدا راوێژ بە ئیسرائیلیەکان بکرێت

بەپێی راپۆرتێکی ویکلیکس کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ نووسراوەو، بەباتەکەی یەکگرتنەوەی هەروو حکومەتی هەرێم بووە، بەرپرسانی ئەمەریکا چەندان کۆبوونەوەیان لەگەڵ تاڵەبانی و بارزانی و نەوشیروان مستەفاو بەرپرسانی هەردوولادا کردووە، لەیەکێک لە کۆبوونەوەکان، نەوشیروان مستەفا، جێگری سکرتێری گشتی ئەو دەمەی یه‌کێتی‌، پێیووتوون" ده‌شێت کورده‌کان راوێژ به‌ ئیسرائیڵیه‌کان بکه‌ن، چۆن میلیشیای دوژمن به‌یه‌کتر یه‌ک ده‌گرنه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وان له‌ پێشودا روبه‌روی کێشه‌ی له‌و جۆره‌ بونه‌تەوه".

ئەو دوو راپۆرتەی ویکلیکس کە ئەمڕۆ ماڵپەڕی " سپی " بڵاویدەکاتەوەو پرسەکەی " یەکگرتنەوەی هەردوو حکومەتی هەرێم ( هەولێر و سلێمانی )یە، تیایدا هاتووە" هه‌ر دو پارتی کوردی ده‌یانه‌ێت یه‌کگرتنه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ په‌له‌ و کاریگه‌ر نمایش بکه‌ن و، هه‌روه‌ها یارمه‌تیشیان بدات له‌ دانوستانده‌کانی به‌غدادا. هه‌رچۆنێک بێت، شه‌یتان له‌ ورده‌کاریه‌کاندا خۆی حه‌شار داوه‌. یه‌کگرتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشی دژ به‌یه‌کتر زۆر کێشه‌دار ده‌بێت".

 مێژووی ٥٠ ساڵی ڕابردووی کورد لەناو راپۆرتەکانی ویکلیکسدا- بەشی٢٦-

راپۆرتی نهێنی ژماره‌ 05KIRKUK285 
ئاماده‌کراوه‌ له‌ 13-12-2005 له‌لایه‌ن Richard K. Bell هه‌ماهه‌نگکه‌ری ناوچه‌‌
دانیشتنی باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ گه‌ڵ بارزانی له‌ 2 دیسه‌مبه‌ر و له‌ گه‌ڵ جلال تاڵه‌بانی له‌ 3 /12

یه‌کگرتنه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم
تاڵه‌بانی وتی " پێشنیازی بۆ پارتی کردوه سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی بۆ ساڵێک و دو مانگ به‌ده‌سته‌وه‌ بێت و، دوای ئه‌وه‌ یه‌کێتی بۆ ساڵێک پۆسته‌که‌ وه‌ربگرێت. له‌ سه‌ره‌تادا پارتی رازی بووه‌، به‌ڵام ئێستا پێشنیازی دوو ساڵ بۆ هه‌ر دوولا ده‌کات. نه‌وشیروان مسته‌فا وتی که‌ یه‌کێتی رازی نابێت پارتی هه‌ر دو پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌تیان هه‌بێت، بۆیه‌ یه‌کێتی گۆرینی زووی پۆسته‌که‌ داوا ده‌کات.  پارتی داوای هه‌ر دوو پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زاره‌تی ناوخۆشی کردوه. مسته‌فا و تاڵه‌بانی داوای یارمه‌تی ئه‌مریکایان له‌ دانوستانه‌کاندا کرد. به‌رای تاڵه‌بانی راگه‌یاندنی رێکه‌وتنی پارتی و یه‌کێتی له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا زۆر سودی بۆ کورد ده‌بێت‌. 



C O N F I D E N T I A L SECTION 01 OF 02 KIRKUK 000004 
بابه‌ت: یه‌کگرتنه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان
راپۆرته‌که‌ سازکراوه‌ له‌ 09-01-2006
راپۆرته‌که‌ ئاماده‌کراوه‌ و پۆلێنکراوه‌ له‌ لایه‌ن: Richard K. Bell هه‌ماهه‌نگکه‌ری ناوچه‌
1. پێشه‌کی و کورته‌یه‌ک: پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ 7 کانونی دووه‌م رایان گه‌یاند گه‌یشتونه‌ته‌ رێکه‌وتن بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ر دوو ئیداره‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌ولێر و سلێمانی. مسعود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێم، و کۆسره‌ت ره‌سوڵ علی، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی، ئه‌مه‌یان راگه‌یاند. 
2- له‌ خاڵێکی رێکه‌وتنه‌کدا هاتوه‌ که‌ پارتی و یه‌کێتی جه‌ختیان له‌ پشتگیریکردن بۆ  جلال تاڵه‌بانی کردۆته‌وه‌ بۆ مانه‌وه‌ی وه‌ک سه‌رۆک کۆمار.
3- حکومه‌تی هه‌رێم چاوه‌روان ده‌کات دۆخی که‌رکوک پێش هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان چاره‌ بکرێت. حکومه‌تی هه‌رێم وا چاوه‌روان ده‌کات له‌و کاته‌دا که‌رکوک به‌شێک بێت له‌ حکومه‌تی هه‌رێم. به‌پێی ده‌ستوری نوێی عێراق ره‌وشی که‌رکوک و ناوچه‌ جێناکۆکیه‌کانی تر ده‌بێت پێش کۆتایی ساڵێ 2007 چاره‌ بکرێت. ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان له‌ کانونی دوه‌می 2005 دا بۆ چوار ساڵ هه‌ڵبژێردراوه‌. 
3- جێگری به‌پرسی تیمه‌که‌ له‌ 8 کانونی دوه‌م چاوی که‌وت به‌ رزگار علی (ینک)، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک، عبدالرحمن مسته‌فا (کوردێکی سه‌ربه‌خۆ)، پارێزگار،  پێده‌چوو هه‌ر دوکیان به‌ راگه‌یاندنی رێکه‌وتنه‌که‌ دڵخۆش بن. به‌ڵام هیچ کامیان کۆمێنتیان له‌ سه‌ر ناوه‌رۆکه‌که‌ی نه‌بوو. وه‌زیرێکی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌ولێر که‌ زۆر کراوه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ دیبلۆماته‌کانی خۆرئاوا هێج باسێکی نه‌کرد، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر به‌رپرسێکی باڵای یه‌کێتی به‌ راشکاوانه‌ پێی وتین که‌ لێدوانه‌کان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ فرۆشتنه‌وه‌یه‌تی به‌ خه‌ڵک. 
4- ئێمه‌ گوێمان لێبوه‌ که‌ وه‌ک شیرینی بۆ یه‌کێتی له‌وانه‌یه‌ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ به‌رهه‌م ساڵح بدرێت که‌ ئێستا وه‌زیری پلاندانه‌ له‌ حکومه‌تی عێراق.  
 
کۆمێنت: رێکه‌وتنه‌که‌ بێگومان پێگه‌ی کورد له‌ دانوستانه‌کان بۆ دروستکردنی‌ حکومه‌تی نوێی عێراق به‌هێز ده‌کات و وه‌ڵامێکه‌ بۆ داواکاری خه‌ڵک. یه‌کێتی وازی له‌ هه‌ندێک له‌ داواکاریه‌کانی هێناوه‌، له‌وانه‌ گۆرینی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران هه‌ر ساڵێک تا‌ هیچ حزبێک هه‌ر دو پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیری دارایی له‌ یه‌ک کاتدا به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بێت. ده‌بێت بێمتمانه‌یی زۆر کاڵبنه‌وه‌ تا دو حزبه‌که‌ سه‌رکه‌تووبن له‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌کانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌. 

له‌ ته‌له‌گرافێکی تری تایبه‌ت و نهێنیدا به‌ ژماره‌ 06KIRKUK12 له‌ 28-01-2006 دا 
ئاماده‌کراوه‌ و له‌لایه‌ن Richard K. Bell هه‌ماهه‌نگکه‌ری ناوچه‌ له‌ که‌رکوک دارێژراوه‌ 
باس له‌ ماوه‌ی دو‌ ساڵ ده‌کات بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی دو ده‌زگای ئاسایشی هه‌ولێر و سلێمانی. 
له‌و ته‌له‌گرافه‌دا هاتوه‌:
عومه‌ر فه‌تاح، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان – سلێمانی له‌ 25 کانونی دووه‌م به‌ هه‌ما‌هه‌نگکه‌ر و جێگره‌که‌ی وتووه‌ که‌ چاوه‌روان ده‌کات له‌ چه‌ند رۆژی داهاتودا هه‌ر دوو حزبه‌ گه‌وره‌که‌ سه‌رۆک وه‌زیران و جێگره‌که‌ی بۆ حکومه‌تی یه‌کگرتوی هه‌رێم دیاری بکه‌ن. (تێبینی: سه‌رچاوەیه‌کی یه‌کێتی پێی وتین که‌ ئه‌رسه‌لان بایز، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر، دیاری کراوه‌ بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران، عومه‌ر فه‌تاح یه‌که‌م کاندید بوه و ئه‌مه‌ دابه‌زینی پێگه‌که‌یه‌تی . کۆتایی تێبینی).
فه‌تاح هۆکاره‌ ته‌کنیکیه‌کان و که‌می متمانه‌ی نێوان هه‌ر دوو‌ لای بۆ رونکردینه‌وه له‌ دواخستنی یه‌کگرتنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌کان پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و داد و دارایی. وه‌زاره‌تی داد له‌ هه‌ولێر و سڵیمانی نیزام و رێنمایی نه‌گونجاو له‌ گه‌ڵ یه‌کتردا ده‌رکردوه‌، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان ده‌بێت چاره‌یان بکه‌ن. به‌هه‌مان شێوه‌ وه‌زاره‌ته‌کانی دارایی دوو بودجه‌ی جیاوازیان دارشتوه‌. هه‌ر دوو هێزی پێشمه‌رگه‌ تا ئێستاش متمانه‌یان به‌یه‌کتر نییه‌. نه‌وشیروان مسته‌فا، جێگری سکرتێری گشتی یه‌کێتی‌، دواتر پێی وتین ده‌شیت کورده‌کان راوێژ به‌ ئیسرائیڵیه‌کان بکه‌ن چۆن میلیشیای دوژمن به‌یه‌کتر یه‌ک ده‌گرنه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وان له‌ پێشودا روبه‌روی کێشه‌ی له‌و جۆره‌ بونه‌تەوه‌.
4. سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆی رو‌نکردینه‌وه‌ که‌ هه‌ر دو حزبه‌که‌ پلانیان داناوه‌ بۆ ده‌زگایه‌کی نوێی ئاسایش و چاوه‌روان ده‌کرێت پرۆسه‌که‌ دوو ساڵی پێویست بێت. عوسمان حاجی محمود، وه‌زیری ناوخۆی ئیداره‌ی سلێمانی پێی وتین که‌ هه‌ر دوو حزب رێککه‌وتون که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم کۆمیته‌یه‌ک دروست بکات بۆ پێکهێنانی ده‌زگایه‌کی‌ ئاسایشی نوێ و ده‌ست نیشانکردنی په‌رپرسه‌کانی. عوسمان نیه‌تی دامه‌زراندنی ده‌رچوانی زانکۆکانی له‌و ده‌زگا نوێیه‌دا ده‌ربری و داوای هاریکاری له‌ ئه‌مریکا کرد بۆ دروستکردنی ده‌زگایه‌کی‌ پرۆفیشیناڵ و بێلایه‌ن. 
رون نه‌بوو ئایا ده‌زگا تازه‌که‌ شوێنی ده‌زگاکانی ئێستای پارتی و یه‌کێتی ده‌گرێته‌وه‌ یاخود ئه‌و دوانه‌ به‌یه‌که‌وه‌ ده‌لکێنن و گه‌وره‌ی ده‌که‌ن.
5. وه‌ک له‌ مانگی کانونی یه‌که‌مدا سه‌رۆک وه‌زیران (سلێمانی) پێداگری له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ نابێت ئه‌مریکا سلێمانی بخاته‌ ژێر به‌رنامه‌ی تیمی‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر، به‌ڵکو به‌جیا مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ سلێمانی بکات.       
له‌ کۆمێنتی به‌رپرسه‌ ئه‌مریکیه‌که‌دا هاتووه‌: هه‌ر دو پارتی کوردی ده‌یانه‌ێت یه‌کگرتنه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ په‌له‌ و کاریگه‌ر نمایش بکه‌ن و، هه‌روه‌ها یارمه‌تیشیان بدات له‌ دانوستانده‌کانی به‌غدادا. هه‌رچۆنێک بێت، شه‌یتان له‌ ورده‌کاریه‌کاندا خۆی حه‌شار داوه‌. یه‌کگرتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایشی دژ به‌یه‌کتر زۆر کێشه‌دار ده‌بێت. هه‌ر دوو‌ حزبه‌که‌ وه‌لا بۆ خۆیان په‌یدا ده‌که‌ن، پارتی به‌ رێگه‌ی خێله‌وه‌ وه‌لا به‌ده‌ست ده‌هێنێت و یه‌کێتی زیاتر له‌ سه‌ر بنه‌مای سیاسی کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات.   



ئه‌م بابه‌ته ‌2242 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:04:28/07/2019