محەمەد تۆفیق رەحیم سوورە لەسەر خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم

محەمەد تۆفیق رەحیم هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان، سوورە لەسەر خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم" نێچیرڤان بارزانی ".

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی " سپی "، محەمەد تۆفیق رەحیم هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکات کە خۆی کشاندبێتەوە لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و رایگەیاند" سوورە لەسەر خۆ کاندیدکردنی ".

بەپێی زانیاریەکانی سپی هەرچەندە دوێنێ یەک شەممە محەمەد تۆفیق رەحیم سەردانی مەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی لە گردی زەرگەتەی سلێمانی نەکردووە، بەلآم وەک بە سپی راگەیاند" سوورە لەسەر خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم وەک نوێنەر گۆڕان ".

محەمەد تۆفیق رەحیم دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی شەممەی ٢٧ ی تەموز دەمەقاڵێکی توندی لەگەڵ عومەری سەید عەلی دا دەبێت، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا رایدەگەیەنێت کە ئەو دەستی لە خانەی راپەڕاندن دەکێشێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی کاندیدبکات بۆ کێبەركێ لەگەڵ مستەفای سەید قادر، کە کاندیدێکی تری بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ ئەو پۆستە.

رۆژی ٢٧ ی تەموز لە کۆبوونەوەی جڤات نیشتمانی گۆڕان، لە کۆی ٤٠ ئەندام،  ٣٦ ئەندامیان عومەری سەید عەلی رادەسپێرن وەک وەزیرەکان، کاندیدەکانی تری گۆڕان لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاری چاکسازی و وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکارەکان دەستنیشان بکات، ئەویش لەیەکەم لێدوانی لە کۆبوونەوەکەدا دەڵێت" نابێت ئەندامی خانەی راپەڕاندن بۆ هیچ پۆستێک خۆی کاندید بکات، بەمەش کێشە دەکەوێت نێوان رێکخەری گشتی و محەمەد تۆفیقەوەو هەر لەوێدا ناوبراو دەستبەرداری خانەی راپەڕان دەبێت و سووربوونی خۆی لەسەر کاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم دووپات دەکاتەوە. 

لە دوای کۆبوونەوەی شەممەی رابردوو و ئەو رووداوانی لە کۆبوونەوەکەدا روویان داوە، کێشەکانی نێو ئەو بزووتنەوەیە قوڵتر بۆتەوە. 



AM:09:34:29/07/2019