نەوەی نوێ: یەکێتی دەیەوێت کێشەکانیان و بچوکی حەجمی خۆیان بەم ڕەفتارانە داپۆشن

سەبارەت بە فەرمانی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید نەوەی نوێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لەدرێژەی ئەو فشارانەیە كە یەكێتی لەمێژووی خۆیدا پێی راهاتووە، كە هەمیشە بەرامبەر هەموو هێزێكی ئازاو بوێر كردویەتی، لەنەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە تائێستاش هەمان ئەو سیاسەت و ئەو عەقڵیەتە ناشرینە بەردەوامە.


راگەیەندراوێک لەجوڵانەوەی نەوەێ نوێ-وە

لەدرێژەی پیلان و فشارەكانیاندا بەرامبەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆكەكەی، شەوی رابردوو، یەكێتی لەڕێگەی بەشێك لەڕاگەیاندنە سێبەرەكانیەوە، لەپاش تەواو بوونی دەوامی فەرمیی و لەكاتێكدا خەڵك چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی هەواڵی پێدانی مووچە دزراوەكانیان بوون، فەرمانێكی دەستگیركردنیان بڵاوكردەوە كە بۆ بەڕێز شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەركراوە.

سەبارەت بەو فەرمانی دەستگیركردنە، روونە كە ئەمەش لەدرێژەی ئەو فشارانەیە كە یەكێتی لەمێژووی خۆیدا پێی راهاتووە، كە هەمیشە بەرامبەر هەموو هێزێكی ئازاو بوێر كردویەتی، لەنەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە تائێستاش هەمان ئەو سیاسەت و ئەو عەقڵیەتە ناشرینە بەردەوامە، سەرەتا بەهێزە ئیسلامیەكان و دواتر  بەبزووتنەوەی گۆڕان و ئێستاش بەرامبەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەڵام لەكاتی گوشارەكاندا سەرجەم ئەو هێزانە بەهێزتر بوون.

ئاشكرایە فشارەكانی ئێستای یەكێتی و ئەم هەنگاوە قێزەونانەی كە تیایدا دەسەڵاتی دادوەری بەمەترسیدارترین شێوە بەكاردەهێنێت، جگە لەوەی قسوری نەكردووە لەبەكارهێنانی دامەزراوە گشتییەكانی تری وەك پۆلیس و هێزە ئەمنیەكان، هەوڵێكی نەزۆكی یەكێتییە بۆ داپۆشینی هەموو ئەو شكستانەی كە رووبەڕوویان بۆتەوە چ لەڕووی حوكمڕانیەوە چ لەڕووی پەیوەندی هاوسەنگیان لەگەڵ هێزەكانی تر. 

یەكێتی بەم جۆرە هەوڵ و فشارانە، دەیەوێت شكستە ناوخۆییەكانی خۆیان و باڵباڵێن و پەرتەوازەیی خۆیان و فەرامۆشکردنیان و حساب بۆ نەکردنیان لە لایەن پارتی و هەروەها بچووکی  حەجمیان لە ناو کابینەی نوێی حکومەت، بەم رەفتارانە داپۆشن و خۆڵ بكەنە چاوی تەنانەت كادیرو ئەندامانی خۆشیان. 

لەبەر ئەوەی كە ئەم لێكترازانە ناوخۆییەی یەكێتی خۆی، بووەتە مایەی داڕمانی هەموو مۆراڵێك لای ئەو حزبەو تەنانەت داڕمانی پێگەی جەماوەریشیان، بۆیە دەیانەوێت بەفشاركردن و لێدانی هێزە ئازاو بوێرەكان تەمەنی خۆیان ماوەیەكی تریش درێژ بكەنەوە.

دەمانەوێت رای گشتیی لەوە ئاگادار بكەینەوە، كە ئەو فەرمانی دەستگیركردنەی دوێنێ شەو بەشێك لەراگەیاندنە سێبەرەكانی یەكێتی بڵاویانكردۆتەوە، لەكاتێكدایە كە پێشتر (10) سكاڵای هاوشێوە تۆماركراوە، بەڵام بەبڕیاری دادگا هەموویان رەتكراونەتەوە، ئەوەی مایەی سەرسامیە، سكاڵای ئەمجارە لەبەر ئەوەی لەلایەن پارێزەری ماڵی جەلال تالەبانییەوە تۆماركراوە، دادگا فەرمانی دەستگیركردنی پێ دەردەكات، لەوەش نایاسایی تر ئەوەیە کە بە پێی یاسا دووەمجار هەمان داوا لەسەر هەمان بابەت تۆمار ناکرێت و یاسا ڕێی پێ نادات، هەروەها هیچ ئاگاداركردنەوەیەك بۆ سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەهاتووە، كەچی بەشەو، فەرمانی دەستگیركردن بڵاودەكرێتەوە؟. ئێمە پێمان وایە نەدەبوو بەشێك لە دادوەرە بەڕێزەكان بچنە ژێر باری كارێكی لەوجۆرەوە كە دوورە لەهەموو عورفێكی یاسایی و بە پلەی یەک زیان بە سومعە و ناوبانگی خۆیان دەگەیەنن، پاشان بە سیستەمی دادوەری و دادگای سلێمانی دەگەیەنێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆكەكەی، هەر لەسەرەتاوە دەیانزانی كە كارەكەیان كارێكی قورسەو ئەم جۆرە فشارو لەمپەرانە دێنە بەردەمی و رووبەڕووی هێرشی جۆراو جۆری دەسەڵات دەبنەوە، بەڵام هەمووان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەم هەوڵەش وەك هەموو هەوڵەكانی رابردوویان مایەپووچ دەردەچێت و ئەم جۆرە فشارانە نەوەی نوێ و سەرۆكەكەی و سەركردەكانی لاواز ناكات، كاروان و پەیامی نەوەی نوێش بۆ وڵاتێكی ئاوەدان و ئابووریەكی بەهێزو هاووڵاتیەكی خۆشگوزەران گەرموگوڕتر بەردەوام دەبێت.

لە کۆتاییدا بەو کەسە بچوکانەی پشت ئەم بابەتە رادەگەینین کە سەرۆکی جوڵانەوەکەمان خۆی مەردانە دێتە سەر شاشەکانی تەلەفزیۆن و بە ئاشکرا و بە ناوی خۆیەوە رەخنەتان ئاراستە دەکات و قسە دەکات، بەڵامم ئێوە ترسنۆکانە و نامەردانە لە پشتەوە دادگا بەکار دەهێنن و کەستان ناوێرن خۆتان بکەن بە خاوەنی ئەم رەفتارە ناشرینانە و ئازایەتی روبەروبونەوەتان تێدا نییە. بەڵکو ترسنۆکانە لە ژێرەوە شەری خۆتان بە چەند دادوەرێک دەکەن کە هیج دەسەڵاتێکیان نییە و کەس نازانێت هەرەشەی چی لەو دادوەرانە دەکەن.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٢٠١٩/٧/٢٩


PM:08:40:29/07/2019