دادگای فیدراڵی: مادەی ١٤٠ کۆتایی نەهاتووە

لە کاتێکدا هەندێک ناوەندی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مادەی ١٤٠ بەسەرچووە، بەڵام دادگای فیدراڵی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، مادەکە کە تایبەتە بەناوچەی جێناکۆکەکان بەردەوامە.

ئەیاس سامۆک وتەبێژی فەرمی دادگای فیدراڵی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی دادگای فیدراڵی، رایگەیاند" ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بەسەرۆکایەتی دادوەرە مەدحەت محەمەد و ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی لەسەر داوایەکی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە شرۆڤەکرنی مادەی ١٤٠ ی کردو گەیشتە ئەو راستەیەی مادەی ١٤٠ مادەیەکی دەستورییەو، تا ئێستاش بەکارە بە پێی مادەی ١٤٣ ی دەستور".

وتەبێژ لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" دەبێت ئامانجەکانی مادەی ٥٨ ی یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراق لەسەردەمی ئینتقالی بە ئەنجام بگەیەنرێت، کە مادەکە داوای دەستەبەرکردنی دادوەری دەکات لەو ناوچانەی کە خەڵکەکەی رووبەرووی گۆرینی شوێنی نیشتەجێبوون بوونەتەوە لە رێگای راگواستن و سرێنەوە و کۆچپێکردنی بەزۆرەوە، بەپێی ئەو هەنگاوانەی نەخشەیان بۆ کێشراوە لە مادەی ٥٨ ناوبراودا".  

ئەیاس سامۆک دەڵێت" دادگای فیدراڵی وای دەبینێت، ئەم هەنگاوانە تەواو نەبووەو بەشێکی کاری لەسەر نەکراوە، هەربۆیە دانانی مادەی ١٤٠ لە دەستور پێویست بوو، هەروەها دەبێت ئەو ئەرکەش جێبەجێبکرێت. 

لەبەر رۆشنای ئەو بابەتە دادگای فیدراڵی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق هێشتا ماوە تا ئەو کاتەی پێویستیەکان و ئامانجەکەی دەستەبەر دەکرێت کە بۆی دەرکراوەو بەپێی هەنگاوە نەخشە بۆ کێشراوەکانی مادەی ٥٨ی یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراق لە قۆناغی راگەوزەردا.



PM:02:07:30/07/2019