سەرۆکایەتی هەرێم سەبارەت بە بێڕیزیکردن لەسەر ئاڵای کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، دووپاتی دەكەینەوە كە هەڵسوكەوتی لەو شێوەیە تێنەگەیشتن و ڕێزنەگرتنە لە دەستووری عێراق و كارێكی تاكەكەسیی ئاوها نابێت ببێتە هۆی گرژی و كاردانەوەی نایاسایی لە هیچ شوێنێك

فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی لەسەر ڕێگری لە ئاڵای كوردستان لە سەماوە بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، 
سوپاسی بەڕێز پارێزگاری موسەننا دەكەین كە بۆ ئەو ڕووداوە داوای لێبوردنی كردووە و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بە ئەفسەرەكە گیراوەتە بەر، هەروەها سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی هەڵوێستیان لەسەر ئەم كردارە هەبووە.



دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

هەڵسوكەوتی نەشیاوی تاكەكەسیی ئەفسەرێكی عێراقی بەرامبەر بە ئاڵای كوردستان لە ملی یەكێك لە كەسوكاری قوربانیانی ئەنفالدا لە پارێزگای موسەننا كە مایەی نیگەرانییە، كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.

سوپاسی بەڕێز پارێزگاری موسەننا دەكەین كە بۆ ئەو ڕووداوە داوای لێبوردنی كردووە و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بە ئەفسەرەكە گیراوەتە بەر، هەروەها سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی هەڵوێستیان لەسەر ئەم كردارە هەبووە.

دووپاتی دەكەینەوە كە هەڵسوكەوتی لەو شێوەیە تێنەگەیشتن و ڕێزنەگرتنە لە دەستووری عێراق و كارێكی تاكەكەسیی ئاوها نابێت ببێتە هۆی گرژی و كاردانەوەی نایاسایی لە هیچ شوێنێك. دەبێ هەمووان گیانی پێكەوەژیان و لێبوردەیی بپارێزن و ڕێز لە دەستوور و مافە دەستوورییەكانی هەموو پێكهاتەكان بگیرێت.

فەوزی هەریری

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

31/7/2019


PM:02:02:31/07/2019