قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لەبارەی ھێرشەكەی تیرۆریستانی داعش پەیامێكی بڵاوكردەوە جەخت لەپێویستی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەكاتەوە بۆ پاراستنی ناوچەكە.
دەقی پەیامەكە:
شەوی رابردوو تیرۆرستانی داعش ھێرشیان كردە سەر بنكەیەكی ئاسایش لە گەرمیان و بەوھۆیەوە ژمارەیەك كارمەندی ئاسایش و ھاوڵاتی شەھید و برینداربوون.
لەكاتێكدا لە بیابانەكانی باشووری عێراق گۆڕی بە كۆمەڵی نوێی قوربانیانی تاوانی ئەنفال ھەڵدەدرێتەوە، ھەروەھا لە كاتێكدا دوێنێ یادی ئەنفالی ھەشت ھەزار بارزانیمان كردووە و دوو رۆژی دیكەش یادی كارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكەینەوە، ئەم رووداوە پەیامێكی روونمان بەگوێدا دەدات كە دوژمنانمان لە ھەموو سەردەم و بارودۆخێك دا دەست ناپارێزن لە زیان گەیاندن بە رۆڵەكانمان. سەلماندیشی كە كاروانی خەبات و گیانفیدایی گەرمیانیەكان بۆ پاراستنی خاكی كوردستان بەردەوامە و درێژەی ھەیە.
ئەم رووداوە و جموجوڵەكانی ماوەی رابردووی گروپی تیرۆریستی داعش لە ناوچەكە سەلماندی كە پێویستە پێشمەرگە بۆ پارێزگاریكردن لەو ناوچانە بگەڕێنەوە و كۆتایی بە جموجۆڵەكانی ئەو دەستە و گروپە تیرۆرستیانە بھێنن.
سڵاو بۆ روحی پاكی شەھیدانی گەلەكەمان و سەری رێز لە ئاستی قوربانیدانیان دادەنوێنین، ھیوای ھەرچی زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارانی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە دەخوازین.