خشتەی پێدانی كارەبای نیشتمانی لەمانگی ئابدا گۆڕانكاری بەسەردا دێت

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌گۆڕانكاری له‌پلانی دابه‌شكردنی كاره‌با ده‌كات له‌هه‌رێمی كوردستان.

ئومێد ئەحمەد، رایگەیاندوە" سەرەڕای بەرزی پلەكانی گەرما لە مانگی تەمموزدا، وەزارەتی كارەبا توانیویەتی بە تێكڕا 16 سەعات كارەبا بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابن بكات، پێدانی كارەبایش تا 15ی ئاب بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، دوای ئەو بەروارە وەزارەتی كارەبا كۆدەبێتەوە و گۆڕانكاری لە پلانی دابەشكردنی كارەبا دەكات."
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما خواستی بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە زیادی كردووە بۆ نزیكەی 5 هەزار مێگاوات، لەكاتێكدا وەزارەتی كارەبا لە توانایدایە تەنها 3هەزار و 500 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنێت." وەك كوردسات نیوز بڵاویكردووەتەوە.
 
ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەپێی پلانەكانی حكومەت لە كابینەی نوێدا چەند بەنداوێك دروست دەكرێت و بەرهەم هێنانی كارەبا زیاددەكات بەوەش كێشەی كەمی سەعاتەكانی كارەبا چارەسەر دەكرێت.


AM:11:24:04/08/2019