وەزیری دارایی پلە بەرزكردنەوەی مووچە بۆ دادوەرەكانی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر خەرجدەكات

لە دوا داکوتینی مزمار بەتابووتی حکومەتی هەرێم، رێباز حەملان وەزیری دارایی کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێم بڕی ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ جیاوازی پلە بەرزكردنەوەی مووچە بۆ دادوەرەكانی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر خەرجدەكات، ئەوە لە کاتێکدایە بەبڕیاری کابینەی پێشوو لەساڵی 2016ەوە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و دانەوەی جیاوازییەكانیانی راگیراوە.

بەنوسراوێكی رەسمی كە رۆژی 27ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەئیمزای رێباز حەملان وەزیری پێشووی دارایی هەرێم دەرچووەو ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی هەرێم كراوە،تایایدا هاتووە" رازین بەتەمویلكردنی بڕی 502 ملیۆن و 864 هەزارو 960 دینار بۆ ئەنجومەنی دادوەری لەژێر ژمارەی ئەژمێری/156 لەبانكی قەڵات تایبەت بەپۆلێن گۆڕین و جیاوازی پلە بەرزركردنەوەی دادوەرەكان بۆ ساڵەكانی (2015، 2016، 2017، 2018) لەسەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر.

هەروەها هاتووە " ئەم بڕە پارەیە لەئەژمێری ژمارە/407ی گەنجینەكەتان دادەبەزێت و لەسەر بوودجەی خۆیان بەدوو پۆناغ لەچوارچێوەی یاساو رێنماییەكان خەرجدەكرێت.

هەر بەپێی نوسراوەكە، لەقۆناغی یەكەمدا بڕی 251 ملیۆن و 432 هەزارو 480 دینارو قۆناغی دووەمیش بڕی 251 ملیۆن و 432 هەزارو 480 دینارو وەك جیاوازی پلە بەرزكردنەوە بۆ دادوەركان لەسەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر خەرجكراوە".

 حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی 2015 بڕیاریدا پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران رابگیرێت، بەڵام لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەكە راگیراو خرایە ساڵی 2016و تائێستاش پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستیپێنەكردوەتەوەو جیاوازییەكانی ئەو ساڵانەش خەرجنەكراوەتەوە، تەنها سەرمووچەی ساڵانە بۆ فەرمانبەران دەبەسترێت.
 



PM:09:29:04/08/2019