" پارتی هێزێکی زێرەڤانی رەوانەی شیلادزێ دەکات "


میدیایەکی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان ئاشکرای دەکات، پارتی هێزی زێرەڤانیی گەورەی بە چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی شەڕەوە ڕەوانەی ناوچەی شیلادزێ کردووە.

ماڵپەڕی رۆژ نیوز، بڵاویکردەوە" دوێنێ هێزێکی گەورەی زێرەڤانیی ڕەوانەی شارەدێی شیلادزێ-ی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی کراوە".

هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لەگەڵ هێزەکەدا، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی شەڕ و چەکی قورس ڕەوانە کراون و لە نزیک بارەگاکانی دەوڵەتی تورک جێگیرکراون.

پیشتریش هێزێکی دیکە بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی شارەدێی دەرکار-ی سەر بە زاخۆ کرابوو، دەوترێت، کە لەو شوێنانەی بە ناوچەی گەریلا ناسراون، ئاڵوگۆڕی هێزی پێشمەرگە زیاد بووە.

ئەوە لە کاتێکێدایە کە پەیوەندی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژی ١٧ ی تەموز بەرپرسێکی تورکیا لە هەولێر کورژراو، دەزگا لێکۆڵینەوەکانی هەولێر پەکەکەکەیان تۆمەتبار کرد کە لەپشت ئەو کارەوەیە، هاوکات شەڕێکی قورس لە باکوری کوردستان و لە ناوچە سنوریەکانی هەرێم لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیادا بەردەوامە.



AM:11:16:05/08/2019