حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی دەرکرد

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد لەوانەش،  بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی موچەی ١٣ ھەزار کەمئەندام.

بەگوێرەی راگەیاندراوی كۆبوونەوەكە، ئەنجومەنی وەزیران لەچوارچێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عیراق لەبارەی ماددەی 140، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتی دەكرد بۆئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەدواداچوون و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكرێت بۆ دانانی رێكارەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، گفتوگۆشی لەبارەی داڕشتنی میكانیزمێكی پێویست كرد بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی هەشتەم لە بەشی چاكسازی لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەت، تایبەت بە چاكسازی لە سیستەمی باج، بە جۆرێك دادپەروەریی لە وەرگرتنی باج هەببێت، هەروەها گرتنەبەری هەموو رێكارێكی یاسایی و كارگێڕی بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج.

هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە سەر گرنگی باجدان كردەوە، كە پێویستە هەموو ئەو لایەن و كەس و كۆمپانیایانەی قەرزداری حكومەتن و ئەو باجانەی لەسەریانە، بەشێوەیەكی یاسایی بدەن، هەروەها پێویستە باجەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە رووی یاسایی و كارگێڕییەوە رێكبخرێنەوە، بە شێوەیەك دادپەروەری لەباجداندا هەبێت و ئاستی بژێوی و داهاتی تاك لەبەرچاو بگیرێت، رێگەش بگیرێت لە خۆدزینەوە لە دانی باج و ئەو یاسایانەش هەموار بكرێنەوە كە لەوبارەیەوە رێگرن.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەچوارچێوەی پێداچوونەوەش بە لیستی ئەو كەسانەی بە ناوی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت تۆماركراون و سوودمەندبوون لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی، بڕیاریدا هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێداچوونەوە، مووچەی زیاتر لە 13 هەزار كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت بگەڕێندرێتەوە.


PM:06:22:07/08/2019