سەرۆکی ئەمریکا لەسەر مەرگی ملیاردێرە ئەمریکیەکە هاتە دەنگ

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە نوێترین تویتیدا سەبارەت بە مەرگی ملیاردێرێكی ئەمریكی دەڵێت: بیڵ كلینتن-ی سەرۆكی پێشوی ویلایەتە یەكگرتوەكان دەستی لە مردنەكەیدا هەیە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە نوێترین بڵاوكراوەیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تویتی چالاكوانێكی كۆمیدی بلاوكردوەتەوە كە ئاماژە بەوەدەكات، "مەرگی جێفری ئێپستێین، كە یەكێك بو لە ملیاردێرەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان، پەیوەندی بە بیل كلینتن، سەرۆكی پێشوی ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە هەیە".

لەو تویتەدا كە تێرێنز ویڵیامز، چالاكوانی بواری كۆمێدی بڵاویكردوەتەوە وەك پرسیارێك هاتوە "لەكاتێكدا ئێپستێین تەواوی كات لەژێر چاودێریدا بوە تا كۆتایی بە ژیانی خۆی نەهێنێت، چۆن دەكرێت خۆی هەڵواسیبێت؟".

لە بەشێكی دیكەی ئەو تویتەدا ویڵیامز نوسیویەتی "ئەوە راستە، لەكاتێكدا جێفری ئەپستێین سەبارەت بە بیڵ كلینتن زانیاری هەبوە و لە ئێستاشدا گیانی لەدەستداوە".

بڵاوكردنەوەی ئەو تویتەی تێرێنز ویڵیامز لە لایەن ترەمپ-ەوە دەنگۆیەكی بەرفراوانی لێكەوتوەتەوە، لەكاتێكدا ژماریەك لە راگەیاندنە نێودەوڵەتیەكان ئەپستێین بە "هاوڕێی ترەمپ" ناودەهێنن و هەواڵی مردنەكەی ئەو ملیاردێرەشیان هەر بەو نازناوە بڵاوكردوەتەوە.

ویڵیامز هاوپێچ لەگەل تویتەكەیدا ڤیدیۆیەكی بڵاوكردوەتەوە تێیدا كلینتن و خانەوادەكەی نەك تەنها بە مەرگی ئەپستێین، بەڵكو بە مەرگی یاریدەدەرێكی بیڵ كلینتن-یش تۆمەتباردەكات كە ساڵی 1993 بە هەمانشێوەی ئەپستێین كۆتایی بە ژیانی هێنا.


PM:07:37:11/08/2019