هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین: لە ١٠ ڕۆژدا ٧٢ سەرباز و چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون

هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین ئاماری چالاکییەکانی ١٠ ڕۆژی ڕابردوویان لە عەفرین بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکەش لەو ١٠ ڕۆژەدا ٧٢ سەربازی تورکیا و چەکدارە ئیسلامیەکانی نزیک لەو وڵاتە کوژراون.

ئەمڕۆ، هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین ئاماری چالاکییەکانی ١٠ ڕۆژی ڕابردووی هێزەکانیان لە عەفرین و دەوروبەری بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئامارەکە، لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا "هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین ١٤ چالاکییان دژ بە سوپای تورک و چەتەکانی ئەنجامداوە، کە حەوتیان شەڕی دەستەویەخە بوون، هاوکات هێرشێکی زەمینیی سوپای تورک و چەتەکانیشی تێکشکێندراون".

هەر بەپێی ئامارەکە، لەو ماوەیەدا سوپای تورکیا نۆ هێرشیان بە چەکی قورس و هێرشێکیشیان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامداوە.

هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا "بەهۆی پێکدادانەکانەوە ١٠ سەربازی تورک و ٦٢ چەتەی سەر بە دەوڵەتی تورک لە عەفرین کوژراون و ١٩ سەرباز و چەتەی دیکەش برینداربوون".

هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین "تکێشکاندنی تانکێک، ٢ چەکی قورس، ٤ ئۆتۆمبێل، ٢ ماتۆڕ و ١ ئۆتۆمبێلێکی کار"یان ڕاگەیاندووە، هاوکات دەستیشیان بەسەر "٩ چەکی جۆری ئەی کەی – ٤٧، ٢ چەکی جۆری (PKM)، ١ چەکی جۆری (B-7)، ١ چەکی قەناس، ١ دووربینی شەو، ١ دووربینی لەیزەر، ٢٠ مەخزەنی (AK-47)، ٦ ڕەخت، ژمارەیەکی زۆر گولـلەی (PKM)، ٢ مۆبایل، ٤ مووشەکی چەکی (B-7) و کۆڵەپشتێکی چەکی (B-7)، ٢ جانتای سەربازی و ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و ناسنامەدا" گرتووە.

هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین شەهیدبوونی هاوڕێیەکیشیان لەو قۆناغەدا ڕاگەیاندووە، کە لە کاتی شەڕدا شەهید بووە، هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە لە ٩ی ئابدا لە ئەنجامی تۆپبارانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان، لە گوندی سۆخانەکێی سەر بە شێراوا ٥ کەسی ئەندامی یەک بنەماڵە برینداربوون.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین ئاماژەیان بە کاریگەریی چالاکییەکانیان کردووە لە دژی سوپای تورک و چەتەکانی و هاتووە: بە چالاکی و بەرخۆدانی هێزەکانمان لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی و ئەو گرووپە چەتانەی لە عەفریندا لە دژی گەلەکەمان هەموو جۆرە هێرشێک ئەنجام دەدەن و هەموو شێوازێک بۆ لەناوبردنی هەموو بەها و دیمۆگرافیای گەلەکەمان دەگرنەبەر، گورزی قورسیان بەردەکەوێت، لە عەفرین هەر یەک لە گروپە چەتەکان یاسای خۆی بەکاردەهێنێت، لە ڕفاندنی خەڵکەوە بگرە هەتا بە ئەنقەست کوشتنى خەڵک و تیرۆرکردنیان، بەوەش هەموو یاسای نێودەوڵەتییەکان و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و لە بەرامبەریشدا ئاستی چالاکییەکانی بەرخۆدانمان بەرزتر دەبنەوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی هێزەکانی ڕزگاریی عەفریندا هاتووە: یەکگرتنی گەلە وڵاتپارێزەکەمان و گەنجەکانمان، کە ئەمڕۆ لە دەوربەری بەرخۆدانەکەماندا پێکێدەهێنن، بووەتە هۆی ئەوە ئەمڕۆ شەڕەکەمان لە دژی داگیرکەری بگۆڕین بۆ ئەنجامدانى چالاکیی کاریگەر.


PM:01:29:13/08/2019