سێ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی وەدات حسێن تێپەڕ دەبێت

سەرباری تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، هێشتا بکەران و دەستەکانی پشت ئەو تاوانە ئاشکرانەکراون و کەیسەکەی بە تەمومژاویی ماوەتەوە.

سێ ساڵ لەمەوبەر و دوای چەند  کاتژمێرێک لە ڕفاندنی وەدات بە بریندارییەکی سەختەوە لەسەر ڕێگای سێمێل - دهۆک دۆزرایەوە، پاش ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهیدبوو.

ئەمڕۆش ١٣ی ئاب، سێ ساڵی تەواو بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس وەدات حسێن تێپەڕبوو، بەڵام هێشتا هیچ کەسێک بە تۆمەتی تیرۆرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستگیرنەکراوە.

وەدات حسێن عەلی، ناسراو بە وەدات دهۆکی، ساڵی ١٩٨٨ لە گوندی ئەلەکانی سەر بە شارۆچکەی گەڤەری پارێزگای جولەمێرگ-ی باکوری کوردستان لە دایکبووە، خاوەنی حەوت خوشک و ١١ برایە.

بنەماڵەی وەدات خەڵکی دهۆکن، بەڵام لە دوای هەرەسی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ی باوکی وەدات ڕوو دەکاتە باکوری کوردستان و لەوێ ژیانی هاوسەریی پێکدەهێنێت، پاشان بەهۆی بارودۆخی ئەو کاتەی تورکیاوە، لە ساڵی ١٩٩٠دا دەگەڕێنەوە بۆ باشوری کورستان و لە دهۆک نیشتەجێدەبنەوە.

وەدات قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی تا پۆلی ١٢ لە دهۆک بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنێت، بەڵام بەهۆی گوشارەکانی سەریەوە لە پۆلی ١٢ی ئامادەییدا ناچاردەبێت واز لە خوێندن بهێنێت.

وەدات لە تەمەنی گەنجیدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەک چالاکوانی مەدەنیی و ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان لە دهۆک کار و چالاکیی دەبێت و هەر لەو ماوەیەشدا چەندین چالاکیی بۆ پشتیوانیی شۆڕشی پارچەکانی دیکەی کوردستان و باکور و ڕۆژئاوا ڕێکدەخات و بەشدارییش لە هەموو بۆنە و چالاکییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکاندا دەکات، ئەمەش وادەکات جێدەستی بە خەباتی مەدەنیی ئەو پارێزگایەوە دیاربێت و ڕووبەڕووی فشاری زۆری دەزگا ئەمنییەکانیش ببێتەوە.



PM:04:19:13/08/2019