شاسوار عەبدولواحید: لە یەک هەفتەدا چاکسازی پێویست لە تونێلی دەربەندیخان دەکەین

سەرۆکی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدلواحید ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی خراپی خزمەتگوزاری و چاکسازی تونێلی دەربەندیخان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت "لە یەک هەفتەدا چاکسازی پێویست لە تونێلی دەربەندیخان دەکەین".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێ بریاریداوە کە لە ماوەی تەنها یەک هەفتەدا چاکسازی پێویست لەو تونێلەدا بکات و نۆژەنی بکاتەوە (شەو و رۆژ بۆ ماوەی ئەو هەفتەیە) تیمەکەمان کاری تێدا دەکەن.

هیوادارم حکومەتی هەرێم و ئیدارەی ناوچەکە وەک ئەوەی ٢٨ ساڵە نەیانتوانیوە وەک پێویست خزمەتی ئەو تونێلە بکەن و چاکسازی پێویستی تێدا بکەن، ئەوا هیوادارم ڕێگری لە تیمی ئەندازیاری ئێمەش نەکەن  وبهێڵن ئەو تونێلە چاک بکەین.

کاری ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ خزمەتکردنی خەڵکە، دروستکردنی ململانێی شەریفانەیە لە پێناو خزمەتی خەڵکدا، دروستکردنی کێبڕکێیەکی جوانە تاوەکوو بزانین کام هێز و کام حیزب زیاتر خزمەتی خەلکی خۆی و ناوچەکانی کوردستان دەکات،چونکە حیزبایەتی لای ئێمە واتە خزمەتکاری خەڵک، حیزبایەتی لای نەوەی نوێ واتە مەشغوڵبون بە کێشەی هاوڵاتییان و کارکردن بۆ هاولاتییان، نەک مەشغوڵکردنی خەلک بە کێشەی حیزبەوە.

دەمانەوێت حیزبایەتی لە جنێودان و بوختانو رقەبەرایەتی و شەری براکوژی و بانگەشەی ناشیرینی گەرمی میدیایی، بگۆڕین بۆ خزمەتکردنی خەڵک و دروستکردنی کێبڕکێ لەو مەجالەدا، کە دڵنیام براوەی  یەکەم هاوڵاتییانی ئاسایین.

هەندێک بەرپرسی حکومی و حیزبیش، لە بری خۆمەشغوڵکردن و درۆی بەرکامێرا و خۆنمایشکردن و خۆخەریککردن بە نەمامێکەوە، ئەوا هیوادارم لە باخەکانی خۆیان بێنەنە دەرەوە و سەردانی گەرەک و کوچەی ئاساییەکانی هاولاتییان بکەن،و خزمەتی راستەقینەی ئەوان بکەن.

خەڵک تاقەتی قسەکردن و خۆنمایشکردن و درۆی نەماوە، ئێستا هاوڵاتیان چاوەڕوانن و دەیانەوێت بزانن چ هێزێک بە راستی خزمەتی هاوڵاتییان دەکات؟

چاوەڕوانی ئەوەن تا بزانن حکومەتی هەریم وجوت حیزبی دەسەلاتدار بەو هەمو پارە و بودجەیەی بەغداد و ئەو داهاتە زۆرەی هەرێم کە هەمانە، کەی پرۆژەی زەبەلاح جێ بەجێ دەکەن؟کەی ٦٠٠ هەزار گەنجی بێ کار دەخەنە سەر ئیش، کەی موچەی دزراوی(بە ناو پاشەکەوتکراوی) فەرمانبەران دەگێڕنەوە، کەی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە تەواوی شاروشارۆچکەکان جێبەجێ دەکەن؟

خەلک چاوەڕوانی ئەمانەیە، نەک چاوەڕوانی نەمامێکی ٢،٠٠٠ دیناری بێت.

(جارێکی تریش جەژنتان پیرۆز بێت و هیوادارم خۆتان و خانەوادە و خێزانتان لە ناخۆشی بە دور بن.... وتمان با بەم جەژنەیش بێ ئیش دانەنیشین و کارێک بکەین، ئەگەر چی کارەکەمان بچوکیشە و لە ئاست ویستی هاوڵاتییاندا نیە،بەلام بەم ئیمکانیەتە کەمەوە دەتوانین جار جارە ئەم جۆرە خزمەتانەی شارۆچکەکانی هەرێم و وڵاتی خۆمان بکەین).


PM:06:42:13/08/2019