مەلا هەڵۆ پەشیمانە لە هێرشەکەی بۆ سەر ماریا هەورامی، بەلآم گۆرانییەکەی بە ناشەرعی‌و خراپ دەزانێت

لە فایلێکی دەنگی" ڤۆیس " مەلا هەڵۆ حەمە رەشیدکە هێرشێکی "ناشیرینی " کردبووە سەر ماریا هەورامی داوای لێبوردن دەکات و دەڵێت " من پەشیمانم"، بەلآم هاوکات سوورە لەسەر ئەوەی گۆرانییەکە ناشەرعی و خراپە.

لە ڤۆیسێکدا کە لە تۆڕە کۆمەلآیەتیەکان بلآوکراوەتەوە، مەلا هەڵۆ دەڵێت" من ئەو رایەم بۆ برادەرێک ناردووە کە پرسیاری لێکردووم، من بۆ رای گشتی و بۆ بلآوکردنەوە نەم ناردووە".

هەروەها دەڵێت" من وەلآمی ئەو کەسەم داوەتەوە کە ڤیدیۆی مەلایەکی بۆ ناردبووم کە کۆمەلێک حەدیس دەهێنێتەوەو دەیخاتە پەنا بێغمبەر( د.خ) لێبێت، کە دەلێت گۆرانی سونەتە، من وەلآمی ئەو مەلایەم دایەوە، بەلآم لە ناوەڕاستی ڤۆیسەکەدا باسی خاتوونێکمان کرد کە گۆرانیبێژەو بەشێوەیەکی ناشەرعی گۆرانی وتووە".

مەلا هەڵۆ لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" بەو شێوەیەی باسی ئەو خاتوونەم کرد شێوەیەکی نەشیاو بوو، دەربڕینەکەی خۆمم پێ جوان نییە، ئەگەر ئێستا بیڵێم وا نایڵێم، لەرووی شەرعی و لەرووی عورفیشەوە دەربڕینەکە جوان نییە، پەشیمانم لێی، لە بەینی خۆم و خوای خۆم تۆبە دەکەم".

هەروەها دەشڵێت" با بڕوات داوا تۆمار بکات و منیش ئامادەی دادگا دەبم، بەلآم ئەو کارەی ئەوم هەر پێ خراپەو، بە ناشەرع دەزانم، تابمێنم رێگا لەو کارە ناشەرعیانە دەگرم".

مەلا هەڵۆ حەمە رەشید جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو خۆی هەورامییە و ماریاش خزمیەتی و، دەڵێت "دەبوایە لە رێگای شەرعیەوە لەگەڵی دانیشتمایەو قسەم لەگەڵ بکردایەو، من سەردانی کەسوکارەکەی و خۆی دەکەم و، کەس خۆی نەکاتە خاوەنی".
 



AM:11:12:14/08/2019