یەکێتی سەرۆکی فراکسیۆنەکەی دیاریکرد

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەمال حەوێزی بەشێوەیەکی کاتی کرد بە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی کوردستان.

جەمال حەوێز پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە بەشێوەیەكی كاتی سەرپەرشتی فراكسیۆنی یەكێتی وەرگرتوەو چاوەڕێی مەكتەبی سیاسی دەكات بۆ دیاریكردنی كەسێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە.

ناوبراو بە میدیاکانی حیزبەکەی راگەیاندووە " دوای ئەوەی بێگەرد تاڵەبانی كە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بوو لەپەرلەمانی كوردستان پۆستی وەزارەتی كشتوكاڵی وەرگرت و د.رێواز فایەق وەك سەرۆكی پەرلەمان دەستبەكار بوو، لەلایەن پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتییەوە لەپەرلەمانی كوردستان دیاریكرام كە سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكە بگرمە ئەستۆ".

وتیشی" بەشێوەیەكی كاتی سەرپەرشتی فراكسیۆنەكە دەكەم، بۆیە بەمەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانم راگەیاندوە ئەوان كەسێك وەك سەرۆكی فراكسیۆن دیاری بكەن و ئەو ئەركەی پێسبپێردرێت".

یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای پارتی دووەم هێزی پەرلەمانەو خاوەنی ٢١ کورسی پەرلەمانی کوردستانە.


PM:02:03:14/08/2019