هەسەدە داوا دەکات ناوچەی ئارام عفرینش بگرێتەوە

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ناوچەی ئارام هەموو سنووری رۆژئاوا لەگەڵ تورکیا بگرێتەوە. (بەبێ ناوهێنانی مەبەستی ناوچەی عفرینیش).

مەزڵووم کۆبانێ بە میدیاکانی نزیک لە هەسەدەی راگەیاندووە، لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی لەلایەن تورکیاوە دەکرێن پێویستە هێڵی نێوان رووبارەکانی فورات و دیجلە هەمووی بخرێتە ناو ناوچەی ئارامەوە.

فەرمانداری گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان و حکومەتی تورکیا ناڕاستەخۆ دیداریان هەبووە و بابەتی دیدارەکانیش هێشتا بە ئەنجام نەگەیشتوون و وتی "بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک دیدارەکان بەردەوامن".

مەزڵووم کۆبانێ دەڵێت "ئێمە داوامان لە لایەنەکان کردووە تەواوی سنوورەکە (سنووری رۆژئاوا لەگەڵ تورکیا) وەکو ناوچەیەکی ئارام دەستنیشانبکرێت، بەڵام تورکیا ئێستا دەیەوێت ناوچە ئارامەکە تەنیا لەنێوان گرێسپی و سەرێکانی بێت".

ئەو هەنگاوانە لە کاتێکدان کە تا ئێستا قوڵی ناوچەی ئارام بە نادیاری ماوەتەوە، هەسەدە داوایکردووە ٥ کم بێت و هەموو سنورەکە بگرێتەوە لەگەڵ تورکیا، ئەمەریکا پێشنیاری ١٤ کم کردووە، تورکیاش جەخت دەکاتەوە ٣٥ کم بێت.



PM:10:37:14/08/2019