لەسێیەم ڕۆژی جەژن لەشوقەیەكی گوندی لوبنانی شاری هەولێر تەرمی پزیشكێك دۆزراوەتەوە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکای پۆلیسیش دەركەوتووە پێش یەك هەفتە لەو بەروارە گیانی لەدەستداوە.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، ڕۆژی سێشەممە 13ی ئابی 2019 كە سێیەم رۆژی جەژن بوو، كاتژمێر 8:00ی شەو ئاگاداركراونەتەوە لە هەبوونی بۆنێكی نەخوازراو لە شوقەیەكی گوندی لوبنانی و هێزەكانیان بەزوویی چوونەتە شوێنەكە بۆ لێكۆڵینەوە.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وتیشی، "پاش ئەوەی چووینە شوێنەكە و بۆمان دەركەوت لەو شوقەیەی بۆنەكەی لێ دێت، تەرمێك هەیە، بەڵام هیچ ئاسەوارێكی لێدان و برینداری بە گیانییەوە نەبوو، دواتر بۆمان دەركەوت كە تەرمی پزیشكێكە بە ناوی دكتۆر هەڵۆ".
ئاماژەی بەوەشكرد، پاش لێكۆڵینەوەی ورد لە تەرمەكە و سەیركردنەوەی كامێراكانی چاودێری، بۆیان دەركەوتووە، یەك هەفتە پێش ئەو بەروارە و لە 6ی ئابی 2019وە ئەو پزیشكە چووەتەوە شوقەكەی و نەهاتووەتەوە دەرەوە و لە شوقەكەیدا گیانی لەدەستداوە، بەڵام هیچ كەس ئاگای لێ نەبووە و پێی نەزانیوە.
بە وتەی وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، پاش تەواوبوونی تویكاری، تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكارەكەی كراوەتەوە.