بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی لەسەر گرتە ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاتە دەنگ و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەو گرتە ڤیدۆییەی لەبارەی شووتی پێنجوێنەوە بڵاوكراوەتەوە بێ بنەمایە، ئەو کەسەی قسەش دەکات، هیچ زانیارییەکی زانستی لەسەر ئەو مادانە نیەو، دەڵێت" شووتی پێنجوێن باشترە لە هی وڵاتانی دەرەوە".
شەماڵ جەمال بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند "گرتە ڤیدۆییەکەم بینی و ئەو کەسەی قسە لەسەر مادەکان دەکات، بێ ئاگایانە قسە دەکات، قسەکانیشی هیچ بنەمایەکی زانستیان نیە، چونکە ئەو مادانە کالیسیۆمیان تێدایە، لە زەوییەک بەکاردێت كە مادەی کالیسیۆمی کەم بێت، مادەی یۆری و هیومارایتسی تێدایە، هەندێک لەو مادانە بۆ قەدی ڕووەک و بەرهەمەکەی و سەوزاییەکەی بەکاردێت، لە هەموو جیهانیشدا ئەم مادانە بەکاردێن و هیچ زیانیان نیە و کاریگەریشی لەسەر تام نیە".
لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت "لەبری ئەوەی بازاڕ بۆ جوتیارانی خۆمان دروست بکرێ، کەسانێکی نابەرپرس و نائاگا دێن بەم جۆرە کار لەسەر شکانی بەرهەمی جوتیاران دەکەن، ئەم کارە تەنیا بۆ شکاندنی بەرهەمی ناوخۆیە".
شەماڵ جەمال دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان لە بەکارهێنانی ئەم بەرهەمانە و بەرهەمی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە زۆر ئەمینتر و باشترە لە بەرهەمی دەرەکی، چونکە تەواوی ئەو مادانەی جوتیاران بەکاری دێنن لە بازارەکانی سلێمانی و هەولێر دەیکڕن، ئەو بازارانەش لە ژێر کۆنترۆڵی قایمقامییەتەکان و ئەواندان، هەر مادەیەکی زیانبەخش ببینرێ، دەستی بەسەردا دەگیرێ و خاوەنەکەشی سزا دەدرێتٚ.