سەرۆك وەزیری عێراق فەرمانی كرد بە گواستنەوەی عەمباری چەک و تەقەمەنی بۆ دەرەوەی شارەکان

سەرۆك وەزیری عێراق فەرمانی كردووە هەموو سەربازگەو عەمبارەكانی چەك و تەقەمەنی ببرێنە دەرەوەی شارەكان، ئەمەش پاش تەقینەوەی عەمبارەكانی تەقەمەنی لە سەربازگەیەكی بەغدای پایتەخت.

فەرماندەیی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا وتی: عادل عەبدولـمەهدی سەرۆك وەزیران، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی كردووەو تێیدا بڕیاریداوە لێكۆڵینەوەیەكی تەواو بكرێت بە بەشداری هەموو لایەنە بەرپـرسەكان سەبارەت بە ڕووداوی تەقینەوەی عەمبارەكان لە سەربازگەی سەقەرو لە ماوەی ئەوپەڕی یەك هەفتە ڕاپـۆرتی خۆیان پـێشكەش بكەن.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بوونی هەرچ سەربازگەیەك یان عەمباری تەقەمەنی لە دەرەوەی پلان و ڕەزامەندی حكومەت ئەوا بە نافەرمی دادەنرێت، داواشی كردووە پـلانەكان تەواوبكرێن سەبارەت بە گواستنەوەی عەمبارو سەربازگەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆو حەشدی شەعبی و یان خێڵەكان و گروپەكانی دیكەی بەشداریـیان لە شەڕی دژی داعش كردووە بۆ دەرەوەی شارەكان، كۆتایی ئەم مانگەشی داناوە بۆ چۆڵكردنی شارەكان لەو سەربازگەو عەمباری تەقەمەنیـیانە.

لەگەڵ ئەوانەشدا فەرمانی كردووە هەموو ڕەزامەندیـیە تایبەتەكان بۆ فڕین لە ئاسمانی عێراقدا هەڵبوەشێنرێنەوە بۆ هەموو لایەنە عێراقی و ناعێراقـیەكان، ئەمەش فڕۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەرو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش دەگرێتەوە، هەروەها هەرچ مۆڵەتێك بۆ ئەو فڕینانە بدرێت تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیردایە یان كەسێك ئەو دەسەڵاتی دابیەتێ.

شەوی دووشەممەی ڕابردوو عەمبارەكانی چەك و تەقەمەنی لە سەربازگەی ئەلسەقر لە ناوچەی دۆرەی بەغدا تەقینەوەو لە ئاكامدا كەسێك كوژراو 29 كەسی دیكەش برینداربوون، هەندێك لە كاربەدەستانی عێراق گومان دەكەن لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی بووبێت.

ئه‌م بابه‌ته ‌200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:48:16/08/2019