ئێران گرنتی ناداتە بریتانیا لەبەرامبەر ئازادکردنی کەشتیەکەیان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند هیچ گەرەنتییەکیان نەداوەتە بریتانیا لەبەرامبەر ئازادکردنی کەشتییە نەوتییەکەیان.

 ئەمڕۆ هەینی عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە هیچ گەرەنتییەکیان نەداوەتە بریتانیا لەبەرامبەر ئازادکردنی کەشتییە نەوتییەکەیان.

دوێنێ پێنج شەممە دادگای باڵای جەبەل تارق بڕیاری ئازادکردنی کەشتییە ئێرانییەکەی دەرکرد کە مانگی تەموزی رابردو لەلایەن بریتانیاوە دەستی بەسەردا گیرا، بەرپرسانی بریتانی رایانگەیاند ئێران دڵنیایی پێداون کە ئەو کەشتییە رو لەهیچ کام لەو وڵاتانە ناکات کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

لای خۆیەوە فابیان پیکاردۆ نوێنەری حکومەتی بریتانیا بۆ ناوچەکە رایگەیاند بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئێرانییەکە هەڵگیراوە پاش ئەوەی گەرەنتییەکی نوسراوی فەرمییان لەلایەن تارانەوە پێگەشتوە کە ئەو کەشتییە سەرپێچی نەکات.

رۆژی چواری مانگی رابردو کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی  گرەیس وەن پاش ئەوەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ پاڵاوگەی بانیاس دەگواستەوە، لەلایەن هێزی دەریاوانی شاهانەی بریتانییەوە دەستی بەسەرداگیرا.


PM:05:06:16/08/2019