رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەم کابینە نوێیەو، لەسەر ئاستی عێراق کێشەی تێکەوتووە، یەکێتی داوای دیاریکردنی دەسەڵات بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی دەکات، هەروەها تا ئێستا رێککەوتنی ئەو دوو حیزبە لەسەر کەرکوک جێبەجێنەکراوە.
رۆژنامەنووسی دیاری یەکێتی، سەرتیپ جەوهەر لە نوسینێکدا بەناوی " گرفت بۆ رێککەوتنەکە دروستبووە" نووسیوویەتی " رۆژە تێپەڕیوە كەچی هێشتا رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی لەجێی خۆیدا نەجوڵاوە، دێڕێك و ماددەیەكی لێ جێبەجێنەكراوە! گەر وابڕوات ئیدی بەمزوانە دەنگی لێ هەڵدەستێ و بێدەنگییەكە دەشكێت".
هەروەها لەو نووسینەدا رۆژنامەنووسەکەی یەکێتی دەڵێت " بەپێی زانیارییەكان تائێستا هیچ دەسەڵاتێك بە جێگری سەرۆكی حكومەت نەدراوە، یان تائێستا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتەكانی لەگەڵ جێگری سەرۆك دابەش نەكردووە!".
دەربارەی رێککەوتنی یەکێتیو پارتی لەسەر کەرکوک، سەرتیپ جەوهەر دەڵێت " وا خەریكە ئەو 45 رۆژە تەواو بێت كە بڕیاربوو لەوماوەیە پارێزگاری كەركوك یەكلایی بكرێتەوە. بەپێی زانیارییەكان ئامادەنەبوونی چەند ئەندامێكی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كراوەتە بیانوو!! لەكاتێكدا هەموومان دەزانین پارتی حزبێكی مەركەزیی شمولییە زۆر ئەستەمە چەند ئەندامێكی "لەخۆوە" گیربن و رێگری دروستبكەن؟!".