وەزارەتی بازرگانی عێراق دەیەوێت لەگەڵ بەشە خۆراكی مانگانەدا جگەرە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكات، ئەوەش مشتومڕی زۆری لە ناوەندە فەرمی و جەماوەرییەكانی عێراقدا لێكەوتووەتەوە.
عەلی بدیری، پەرلەمانتاری رەوتی حیكمە ڕایگەیاند "وەزارەتی بازرگانی عێراق دەیەوێت جگەرەی ناوخۆیی بەسەر هاووڵاتیاندا ساغبكاتەوە و بەگوێرەی فۆڕمی خۆراك و لەگەڵ بەشە خۆراكی مانگانەدا بۆ هەرە گڵۆزێك "تەكەیەك" جگەرە بڕی 2500 دینار لە هاووڵاتیان وەربگیرێت، ئەوەش داهێنانێكی سەیر و سەمەرەیە".
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە "پێویستە حكوومەت كار بۆ ئەوە بكات ماست و شیر و هێلكە و خورما و خۆراكی دیكەی سوودبەخشی ناوخۆیی بۆ سەر خوانی هاووڵاتیان زیاد بكات، نەك جگەرە و ژەهریان بەسەردا دابەش بكات"، دەشڵێت "پێدەچێت ئەنجامدەرانی ئەو پرۆژەیە و گەندەڵكاران هێشتا لە مردن و كوشتنی عێراقییەكان بە بۆمب و هێرشەكانی داعش تێریان نەخواردبێت، بۆیە پێشنیازی ئەم داهێنانە سەیر و سەمەرەیان كردووە تا لە رێگای فۆڕمی خۆراكەوە بیدەن بە هاووڵاتیان، دوور نییە لە داهاتوودا ببینین ماددەی هۆشبەریش بەسەر خەڵكدا دابەش بكرێت، ئەگەر بێتو رێگە بە گەندەڵكاران بدرێت جگەرە بەسەر خەڵكدا دابەش بكەن".
وتیشی "لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بڕیاردراوە جگەرە لە دامەزراوەكانی حكوومەتدا نەكێشرێت، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ حكوومەت دەیكات بۆ دابەشكردنی جگەرە بەناچاری بەسەر خەڵكدا تەواو سەیر و پێچەوانەیە".