پۆلیسی دارستان: لە ماوەی حەوت مانگدا 45 هەزار دۆنم پوش و پاوان سووتاون

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ماوەی حەوت مانگدا 45 هەزار دۆنم پوش و پاوان سووتاون و بەراورد بە ساڵی پار ئاگر كەوتنەوە زیادی كردووە.

عەمید هێمن كمرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ دوو شەممە 19-8-2019، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری كار و چالاكییەكانی حەوت مانگی رابردوو و رۆژانی جەژنی بڵاوكردەوە و راگەیاند: لەو ماوەیەدا 291 هاووڵاتییان لەسەر سەرپێچی جۆراو جۆر دەستگیر كردووە كە بریتیبوون لە راوكردنی باڵندەی كێوی راوی ماسی و لێدانی بیر بەشێوەیەكی نایاسایی و دار بڕین و سووتاندنی پوش و پاوان و خەڵوز كردن، دەستیشگیراوە بەسەر سەرجەم كەرەستەكانیاندا.

راشیگەیاند: بەراورد بە ساڵی پار، رێژەی ئاگر كەوتنەوە و سووتانی پوش و پاوان زیادی كردووە، بەشێوەیەك تەنها لە حەوت مانگی ئەمساڵدا، 45 هەزار دۆنم پوش و پاوان سووتاون، كە هەزار و 506 دۆنمیان رەز و باخی هاووڵاتییان بوون.

وتیشی: تەنها لەماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، لەلایەن هێز و مەفرەزەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانییەوە، بە تۆمەتی بیر لێدان و راوردن و ئاگر كەوتنەوە، توانراوە 19 سەرپێچیكار دەستگیر بكرێن.




PM:03:26:19/08/2019