شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە گۆڕانخوازان چاوەڕێی ئەوە لە جڤاتی نیشتیمانی دەكەن كە لە ئاست ئەو ئەركو بەرپرسیارێتییەدا بن كە پێیان سپێردراوە و دەشڵێت: ئەگەر بە وردی كار لەسەر هەڵبژاردنی رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن نەكرێ گۆڕان توشی كێشەو شكستی گەورەتر دەبێ.
شۆڕش حاجی لە وتارێكدا كە لە ماڵپەڕی "سپی" بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: ئەركی جڤاتی نیشتیمانی لە ئێستادا بریتیە لە خۆئامادەكردن بۆ بەستنی كۆنفرەنسی نیشتیمانی، كە لەلای زۆربەی حیزبەكانی كوردستان بە كۆنگرە ناو دەبرێ. لە كۆنفرەنسی نیشتیمانیدا پێداچونەوە بە دەستوری ناوخۆو بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێو، ئەدای ئۆرگانو فراكسیۆنەكانی گۆڕان بە وردی هەڵدەسەنگێنرێنو نەخشە بۆ چوار ساڵی خەباتی ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان دادەڕێژرێ.
شۆڕش حاجی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی باڵاترین ئۆرگانی جێبەجێكاری بزوتنەوەی گۆڕانە. لە دوای هەڵبژاردنی رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندنەوە لە ٢٥/٧/٢٠١٧، زۆرترین رەخنە روبەڕوی ئەم ئۆرگانە بۆتەوەو لەزۆر بۆنەدا بە هۆكاری سەرەكی كەمكردنی دەنگەكانی گۆڕان یاخود لاوازبونی گۆڕان تاوانبار كراون. ئەگەرچی دەسەڵاتی رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن بەپێی دەستوری ناوخۆ تەنیا جێبەجێكردنی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتیمانیە، بەڵام خەڵك بەچاوێكی تر تەماشای رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن دەكەنو چاوەڕوانی رۆڵی زیاترو گرنگتریان لێدەكەن.
دەشڵێت: بۆیە دەبێ ئەو ئۆرگانە وەك تیمێكی چالاكو تۆكمەو بەهێز كار بكاو رێكخەرو كۆكەرەوەی هەمو گۆڕانخوازان بن. هەروەها پێویستە نوێنەرایەتی هەمو گۆڕانخوازان بكەن – لە تێكۆشەری دێرینو بەئەزمون لەگەڵ گەنجو نەوەی نوێی بەتوانا. ئەگەر بە وردی كار لەسەر هەڵبژاردنی رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن نەكرێ ئەوا لە ئایندەدا گۆڕان توشی كێشەو شكستی گەورەتر دەبێ. هەر بۆیە زۆر گرنگە پرۆسەی هەڵبژاردنی بەربژێرەكان لەسەر بنەمای تواناو لێهاتوییو سەركەوتویی لە كاری رابردوی ئەو تێكۆشەرانە بێ، نەك بە عەقڵیەتی دەستەگەری، كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی پاشەكشەی جەماوەری هەر حیزبو رێكخراوێكی سیاسی.