لیژنەی چاکسازی هەرێم راگەیاندرا

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناوى ئه‌ندامانى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى چاكسازى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى دیاریكرد کە لە نۆ ئەندام پێکدێت و دەبێت له‌ماوه‌ى مانگى داهاتوودا پرۆژه‌یاساكه‌ ئاماده‌بكه‌ن و بیخه‌نه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.

بەپێی نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیران كه‌ له‌ رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ناوى ئه‌ندامانى لیژنه‌ى چاكسازى  لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەکان بە سەرۆکایەتی وەزیری داد دیاریكردووه‌ كه‌ پێكهاتوون لە(وەزیری دارایی و ئابوری، وەزیری پلاندانان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری و نوێنەری تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان).

کاری لیژنەکە پێداچوونەوە دەبێت بە پرۆژەیاساکە و هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەمەبەستی داڕشتنەوەی پرۆژەکە لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ( وەک نووسراوەکە ئاماژەی بۆ دەکات ).

پرۆژەیاسای چاکسازی لەمووچە و خانەنشینی و دەرماڵەکان لە خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خەڵک و بەشێک لە فراکسیۆنەکان، پرۆژەکە راگیرا و رەوانەی حکومەت کرایەوە، چاوەڕوان دەکرێت بە پەسەندکردنی پرۆژەکە مانگانە نزیکەی 150 ملیار دینار بۆ حکومەت بگەڕێتەوە.

به‌شێكى دیكه‌ی یاساكه‌ تایبه‌ت ده‌بێت، به‌ رێگه‌گرتن له‌ دووجار سودوه‌رگرتن له‌ كه‌رتى گشتى، له‌گه‌ڵ راگرتنى سه‌رجه‌م ئه‌و یاسا و رێنماییانه‌ى له‌ یه‌ك مووچه‌ و به‌خشین زیاتر ده‌به‌خشنه‌ فه‌رمانبه‌ر.

به‌شێكى چاكسازییه‌كه‌ بریتى ده‌بێت له‌ راگرتنى درێژكردنه‌وه‌ ماوه‌ى خزمه‌تی وه‌زیفى فه‌رمانبه‌رانى شارستانى و سه‌ربازى و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى یه‌كه‌ى ژمێریارى هێزى پێشمه‌رگه‌ و ده‌ستنیشانكردنى ژماره‌ى پاسه‌وان بۆ باره‌گا و دامه‌زراوه حیزبى و حكومییه‌كان و به‌رپرسان.

پرۆژەیاساى چاکسازی لە مووچە، خانەنشینی و دەرماڵەکان لە 24 مادە پێکهاتووە، رۆژى 28ى شوباتى ئه‌مساڵ پەرلەمانی كوردستان پەسه‌ندی كرد، به‌هۆى ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى به‌شێك لە لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هاووڵاتیان، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان له‌سه‌ر داواكارى فراكسیۆنه‌كان له‌ 4ى ئازار یاساکەی گه‌ڕانده‌وه‌ هۆڵی په‌رله‌مان، وابڕیاریشه‌ له‌م خولە نوێیه‌ى په‌رله‌ماندا دووباره‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانەوە دواى هه‌مواركردنه‌وه‌ى بنێردرێته‌وه‌ په‌رله‌مان.



AM:11:42:21/08/2019